سروە ڕەسوڵ: یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵا لەبارەی دۆخی پەنابەران لە بەغدا ڕێکخرا
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، چەندین ڕاسپاردە لەبارەی دۆخی پەنابەران ئامادە کران و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنێردرێت.
یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای داڕشتنی پلانی مرۆیی بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان لە بەغدا کراو تێیدا دانانی میکانزمی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان گفتوگۆ کرا، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو دەڵێت: چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بڕیاڕیان لەسەر درا و دەنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
سروە ڕەسوڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای داڕشتنی پلانی مرۆیی بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان لە بەغدا بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەی ئاوارەیی لەعێراق بەسەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرا کە تێیدا فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئامادەی بوو لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی فیدراڵی، جگەلە شاندێکی باڵاش لەهەرێمی کوردستان.
سروە ڕەسوڵ دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا چەندین خاڵی گرنگ تایبەت بەدانانی ڕێگە چارەیەکی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشەو بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و فەراهەمکردنی گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە تاوتوێ کران.
گوتی: بۆ ئەم پرسە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بڕیاڕیان لەسەردرا تاوەکو بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەمەبەستی پەسەندکردنی، لەوانە ڕێککەوتننامەی شنگال و خزمەتگوزاریی ناوچەکان و نەبوونی بەڵگەنامە یاساییەکان و قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا، لەگەڵ کرێی زەوی کەمپەکان و دۆخی ئەمنی ناوچەکان، سەرباریی کێشەی خێڵ و عەشیرەتەکان و چەندین بابەتی دیکە.
دوای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بڕیاڕی داخستنی کەمپەکانی لە 30 حوزەیران دەرکرد، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی لە دۆخ و گوزەرانی ئاوارەکان لە کەمپەکان ئاگادار کردەوەو چەندین سەرنج و تێبینی خستە ڕوو سەبارەت بە دۆخی ناوچە ئازادکراوەکان و نالەباری دۆخی شنگال و ڕێککەوتنامەی شنگال.
بۆیە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ئاست بەرزی لەنێوان ھەردوو حکوومەت پێکھێنا بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی ئاوارکان و دانانی میکانیزمی پلانێکی مرۆیی ھاوبەش بۆ دۆسیەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.