کەرکووک.. بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمان دژی ئیدارەی نوێ گردبوونەوە

کەرکووک
کەرکووک

K24 – کەرکووک:

لە دژی پێکهێنانی ئیدارەی نوێێی کەرکووک، کە بە نایاسایی ناوی دەبەن، بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگادا گردبوونەوە.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لە شوێنی گردبوونەوەکە ڕایگەیاند: بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب و بەرەی تورکمانی کۆمەڵێک دروشمیان بەرز کردووەتەوە کە داوای ئەوە دەکەن پەراوێز نەخرێن لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، هاوکات ئاماژەی بەوەدا: خۆپیشاندەران داوای ئەوەش دەکەن ئەو پێکەوەژیانەی لە کەرکووک هەیە تێکنەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.