ئایدن مه‌عرووف: دانانی پارێزگاری كه‌ركووك ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌

ئایدن مه‌عرووف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی
ئایدن مه‌عرووف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێویسته‌ پرسی كه‌ركووك به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت؛ ده‌شڵێت، چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵن.

سێشه‌ممه‌، 13ـی ئابی 2024، ئایدن مه‌عرووف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌ باره‌ی پرسی پارێزگاری كه‌ركووك و ئیداره‌ی شاره‌كه‌ بدات.

ئایدن مه‌عرووف جه‌ختیشی كرده‌وه‌، دانانی پارێزگاری كه‌ركووك و پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی له‌ هۆتێل ڕه‌شیدا ڕووی دا، نایاساییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شاره‌كه‌ و به‌شێك له‌ له‌لایه‌ن و پێكهاته‌كانیه‌تی.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وان وه‌كوو به‌ره‌ی توركمانی و توركمان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و دانانی پارێزگار به‌و شێوه‌یه‌، ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌ و قبووڵی ناكه‌ن.

ناوبراو گوتیشی، چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵن سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكی له‌سه‌ر پێك هێنراوه‌.

شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.

لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، زیاتر لە 40 پۆستی گرنگ بە تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک دراون، لە بەرامبەردا تەنها شەش پۆست بە پێکهاتەی کورد، کە زۆرترین دەنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی بەدەست هێناوە، دراون.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتا