خۆپیشاندن دژی ئیدارەی نوێی کەرکووک بە کۆتا هات؛ عەرەب و تورکمان چاوەڕوانی دادگای فیدراڵیین
K24 – کەرکووک:
خۆپیشاندەرانی کەرکووک پێان وایە، حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە هۆتێل ڕەشید لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی پێکهێنراوە، هاوکات پێکهاتەی عەرەب و تورکمان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیین بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە.
سێشەممە 13ـی ئابی 2024، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی گردبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە، بڕیاریاندا کۆتایی بە گردبوونەوەکە بهێنن و چاوەڕێی دادگای فیدراڵیین بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ئیدارەدانی شاری کەرکووک.
خۆپیشاندەرانی کەرکووک پێان وایە، حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە هۆتێل ڕەشید لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی پێکهێنراوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی ئیدارەدانی شاری کەرکووک کۆببێتەوە، هەریەکە لە ڕاکان جبووری، نوێنەرانی هاوپەیمانی عەرەبی، بەرەی تورکمانی و یەکێتی ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا دەبن و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.