عیسا عەدای: دەستوەردانێکی زۆر لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە
K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، دەستوەردانی نێوخۆیی و دەرەکی زۆر لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە، هەروەها تاوەکوو ئێستە عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بڕیاری نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت.
عیسا عەدای، شرۆڤەکاری سیاسی و عومەر سامەرائی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، باسیان لە دۆخی عێراق بە گشتی و پەرلەمانەکەی بە تایبەتی کرد، هەروەها لەبارەی ڕاگەیاندنی گەورەترین کوتلەی سوننی لە پەرلەمان، ڕا و سەرەنجی خۆیان خستەڕوو.
لە دەستپێکدا، عیسا عەدای، شرۆڤەکاری سیاسی، ڕایگەیاند: پەرلەمانی عێراق هەشت مانگە بێ سەرۆکە و پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی سوننە دەتوانێت ڕۆڵی چارەسەریی ببینێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد، تا ئێستە کاندیدێکی هاوبەش دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی هەموو لەسەری ڕێک بکەون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. جەختی لەوەش کردەوە، هەر کاندیدێک لە پێکهاتەی سوننە دیاری بکرێت پێویستە مایەی ڕەزامەندی پێکهاتەکانی دیکەش بێت.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: پێکهاتەی سوونە کەس ناسەپێنێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵکو لەسەر دیاریکردنی کەسێک ڕێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دەکات.
هەر لەباری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، عیسا عەدای، گوتی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووەتە گرێ کوێرە، لەبەرئەوەی چەندان دەستوەردان و کارتێکەری هەرێمی و دەرەکی هەن لەسەر پۆستەکە.
گوتیشی: تاوەکو ئێستە عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بڕیاری نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە تێیدایە.
سەبارەت بە سوننەکان، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ڕوونی کردەوە، کەسانێک هەبوون لە عێراق کاریان بۆ ئەوە کردووە کە سوننەکان پەرتەوازە بکەن. سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هیچ نیازێک نییە کە تا کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت بەڕێوەببرێت.
لای خۆیەوە عومەر سامەڕائی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە، گوتی: چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرس نییە لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها چوارچێوەکە پشتگیری لەوە دەکات بە خێرایی پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەیەکی بە سوونەکان دا، تا لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێکبکەون، بەڵام تا ئێستە ڕێکنەکەوتوون هەر ئەمەش بووە هۆکاری پەکخستنی پرۆسەکە.
سێشهممه، 13ـی ئابی 2024، ههر یهك له حزبی تهقهدوم، حزبی جهماهیری نیشتمانی، هاوپهیمانی حهسمی نیشتمانی، فراكسیۆنی سهداره، پرۆژهی نیشتمانی عێراقی و فراكسیۆنی دهستپێشخهری ڕاگهیهنراوێكی هاوبهشیان بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژه به پێكهێنانی گهورهترین فراكسیۆنی پهرلهمانی دهكهن كه له 55 پهرلهمانتار پێك هاتووه.
ههر یهك لهو لایهن و هاوپهیمانی و فراكسیۆنانه له ڕاگهیهندراوه هاوبهشهكهیاندا ئهوهی خستووهته روو، ڕێك كهوتوون لهسهر کاندیدکردنی کاندیدێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پهرلهمان و پێشکەشکردنی بە فراكسیۆنه سیاسییەكان بۆ پشتیوانیکردنی و بهمهبهستی تهواوكردنی ئهم خولهی پهرلهمان.