دانیه‌ڵ پۆڵس: شه‌ڕی غه‌ززه ڕێگری لێ نه‌كرێت دۆسته‌كانمان له عێراقیش ده‌گرێته‌وه
لێكۆڵه‌رێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان بێ به شه‌ڕی غه‌ززه، چونكه ئه‌و شه‌ڕه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ناوچه‌كه ده‌بێت؛ ده‌شڵێت، له‌و شه‌ڕه‌دا جگه له مه‌رگه‌سات هیچ ده‌ستكه‌وتێكی دیكه به دی نه‌هاتووه.
سێشه‌ممه، 13ـی ئابی 2024، دانیه‌ڵ پۆڵس، لێكۆڵه‌ری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ جه‌ختكردنه‌وه بووه له ڕێگریكردن له گرژبوونه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی عێراق و دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشی گرووپه چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
دانیه‌ڵ پۆڵس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌یه ڕێگری له فره‌وانبوونی جه‌نگی غه‌ززه بگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه له‌وه زیاتر مه‌ترسیدار بێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی هه‌یه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان، كه ئومێد ده‌كرێت ئه‌م په‌یوه‌ندییه بۆ نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكایش بگوازرێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان هه‌ڕه‌شه له هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌نه‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان بێ به شه‌ڕی غه‌ززه، چونكه ئه‌و شه‌ڕه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت دۆسته‌كانیان له عێراق ده‌بێت.