ڕووسیا باری نائاسایی لە بێلگورۆد ڕاگەیاند
پارێزگاری بێلگورۆدی ڕووسیا بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچە سنوورییەکان و چڕکردنەوەی تۆپبارانەکان، ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە دۆخی نایاسایی لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێت.
ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرامدا ڕایگەیاندووە"ماوەیەکە بارودۆخی بێلگورۆد بەهۆی تۆپبارانی چەکدارەکانی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و چەند خانووێکیش وێران بوون."
ڕاشیگەیاندووە" هێزەکانی ئۆکرانیا بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی شێبکینۆ و ئوستێنکا لە سنووری بێلگورۆد، هەربۆیە لەپێناو پاراستنی گیانی دانیشتووانی شارەکە و گەیاندنی هاوکاری پێویست و ڕێگری لە کەوتنەوەی قوربانی زیاتر، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە (14ی ئابی 2024) باری نائاسایی لەسەر ئاستی هەرێمەکە جێبەجێ دەکرێت".
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ناوچەکانی کۆرسک و ڤۆرۆنێژ و بریانسک ڕایانگەیاندووە، بە درێژایی شەوی ڕابردوو سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا چەند فڕۆکەی درۆنێکی هێزەکانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکان هەڵدرا بوون.
لە 6ی ئەم مانگەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی سنوورییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ڕووسیا، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ناوچەی کورسک لە نزیک ڤۆرۆنیژی ڕووسیا دەستپێکردووە و کۆنترۆڵی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ڕووسیایان کردووە.
هەروەها 12ی ئەم مانگە، سوپای ڕووسیا دزەکردنی هێزەکانی ئۆکرانیای بۆ ناو خاکی ڕووسیای ڕاگەیاند و ئاشکرایکردووە، کە ئۆکرانییەکان بە قووڵایی 12 کیلۆمەتر و پانتایی 40 کیلۆمەتر و دەستیان بەسەر 28 شارۆچکەدا گرتووە.