وەزیری شارەوانی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ئاو دەكاتەوە
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ئاو و باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان دەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو سێكتەرە خەرج دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی کردەوە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی بەدواداچوونی كارەكانیان و جەختكردنەوە لەسەر باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرجەم سەرۆك بەش و بەرپرسی هۆبەكانی فەرمانگەكە ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری فەرمانگەكە بە تایبەتی داواكاریی هاووڵاتییان كرد، دواتر گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاو و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان و بایەخدانی زیاتر بە تۆڕەكانی ئاو و چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەیان و نەهێشتنی ڕۆتین و داواكاریی هاووڵاتییان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سێكتەری ئاو كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە سێكتەری ئاو یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییان و ئاوەدانی كوردستان، بۆیە مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ئاو و باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان دەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو سێكتەرە خەرج دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەرپرسانی فەرمانگەكە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ هاووڵاتییاندا هیچ جۆرە جیاوازییەك نەکەن و بە یەكسانی و لە چوارچێوەی یاسادا كار بكەن و هەر كەسێكیش لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا نەبێت و كەمتەرخی بكات، دووچاری لێپێچینەوەی كارگێڕی دەكرێتەوە.