ئەمەریکا سێ ڕۆژ مۆڵەت دەداتە سوپای سوودان

عەبدولفەتاح بورهان
عەبدولفەتاح بورهان

ئیدارەی ئەمەریکا ماوەی سێ ڕۆژی بە سوپای سوودان داوە، بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی سویسرا بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕی ئەو وڵاتە.

تۆم پێرێلۆ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سوودان ڕایگەیاند، "تا ئێستا وەڵامێکمان لە فەرماندەی سوپای سوودان، جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان وەرنەگرتووە، کە ئایا بەشداری دانوستانەکان دەکات یان نا، گوتیشی: چاوەڕێی دوو سێ ڕۆژی دیکە دەکەین تا شاندی سوپای سوودان بچنە دانوستانەکان".

پێرێلۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شاندەی حکوومەتی سوودان ڕەوانەی پۆرت سودان دەکات بۆ ڕاوێژکردن لەسەر کارنامەی پەیوەندیدار بە ئاگربەست و پرسە مرۆییەکان.

لە بەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا، لە دیدارەکانیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە سوودانییەکان، ڕایگەیاند، زانیاری لەسەر هاتنی شاندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ جنێڤ بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا وەرگرتووە، دووپاتیکردەوە، کە دانوستانەکان لە کاتی دیاریکراودا دەستپێدەکەن، تەنانەت ئەگەر سوپای سوودانیش  بەشداری نەکات.

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، ئەگەری ئەوە هەیە هیچ کام لەو بەرپرسانەی سەرکردایەتی سەربازی لە سوودان دەکەن بەشداری دانوستانەکان نەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" شاندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ جنێڤ بە سەرۆکایەتی عزەددین سافی و ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەرەکی فەرماندەی پشتیوانی خێرا دەبێت.

هەروەها هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "چونی شاندەکەی بۆ جنێڤ ڕایگەیاند، کە شاندەکەیان هەڵگری خواست و ئیرادەی دڵسۆزانەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی سوودان ".

جەختی لەوە کردەوە کە "هێزەکانی پشتیوانی خێرا، مامەڵەیەکی ئەرێنی لەگەڵ هەموو دەستپێشخەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە سوودان".

تۆم پێرێلۆ
تۆم پێرێلۆ