ئومێد خۆشناو: 15 هەزار پارچە زەوی دیکە وێنەی تۆماریان بۆ دەردەکرێت

ئومید خۆشناو پاریزگاری هەولێر و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی
ئومید خۆشناو پاریزگاری هەولێر و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد، 15 پارچە زەوی دیکە وێنەی تۆماریان بۆ دەردەکرێت، بەمەش کۆی ئەو پارچە زەوییانەی بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی تۆماریان بۆ دەرکرا گەیشتە 71 هەزار 127 پارچە زەوی  لەکۆی ئەو 96 هەزار کارتەی کە هەیە.

چوارشەممە 14ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی یاساییانە لەگەڵ ئە زەوییانە بکرێت کە بەشێوەی کارت بوون، لە ڕابردوودا 96 هەزار پارچە زەوی بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی یەکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد، زۆرینەی ئەو کارتانە وێنەی تۆماریان بۆ دەرکرا، گوتی: ئەمڕۆش 15 هەزار و 432 کارتی دیکە وێنەی تۆماریان بۆ دەردەکرێت، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: پێشتریش 55 هەزار و 695 پارچە زەوی وێنەی تۆماریان بۆ دەرکراوە کە پێشتر کارت بوون ، واتە تا ئێستاکە 71 هەزار 127 کارت  لەکۆی ئەو 96 هەزار کارتە وێنەی تۆماریان بۆ دەرکراوە، تەنها 25 هەزار کارت دەمێنێتەوە کە بەزووترین کات کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، کارتی پارچە زەوییەکانی کەرتی گوڵان لە سنووری بنەسڵاوە، کەرتی 105 گرد داود لە سنووری سەرۆکایەتی شەمامک، کارتەکانی گەڕەکی دیلان، ڕاستی، کۆمەڵگەی ژین لە سنووری شارەوانی بەحرکە، باغەمرە شەهاب، بەشی 15 گردەڕەشە ئەسعەد، کارتەکانی کەرتی 95 کەسنەزان، کارتەکانی گەڕەکی پێشمەرگە لە سنووری بەحرکە کە رێژەیەکی زۆرە، هەروەها کارتەکانی گەڕەکی کۆمەڵگەی دیداریی لە سنووری شارەوانی خەبات، وێنەی تۆماریان بۆ دەردەکرێت، لەگەڵ ئەو کارتانەی لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە وێنەی تۆماریان ئامادە دەبێت، کەرتی 42ـی کانی قرژاڵە، گەڕەکی ژینی دارەتوو.