عەبدوڵڵا وەیسی: مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە چاکسازییەکاندا هەیە

عەبدوڵڵا وەیسی
عەبدوڵڵا وەیسی

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی یاداشتێکی لێکگەیشتنیان ئیمزا کرد، کە مامۆستاینی ئاینی لە ڕێگەی پێشکەش کردنی سیمینار هەوڵی چاکردنی زیندانیان دەدەن.  

عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی  یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرکی لایەنی پەیوەندارە لە حکوومەت چاکسازی لەو کەسانەدا بکات کە تاوان دەکەن، تەنیا سزا نەبێت، بەڵک وچاککردنیشی لەگەڵ بێت، هەروەها بەشێک لەو چاککردنانەش بەر ئێمەی مامۆستایانی ئاینی دەکەوێت.

گوتیشی: سوپاس بۆ خوا ئێمە زۆر جار توانیومانە بڕوا بەخەڵک بهێنین کە جارێکی دیکە تاوان نەکات، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ئەوەی لە زیندانە بەیانی کەماوەی یاسایی خۆیی تەواوکرد دێتە دەرەوە، جا ئەگەر ئامادە نەکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست بێتەوە ناو کۆمەڵگە، ئەوە ڕەنگە جارێکی دیکە تاوانەکەی دووبارە بکاتەوە. ڕونیشی کردەوە، خۆشبەختانە زۆر کەس هەیە لە زینداندا توانیویەتی چاک ببێت بەهۆی ئامۆژگارییە ئاینی و کۆمەڵایەتی و دەروونیەکان،

ئاماژەی بەوەش دا، ساڵی پار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی توانیمان ڕێککەوتنامەیەکی لێکگەیشتن ئیمزا بکەین، کە بەو هۆیەوە نزیکەی 170 سیمینار لەلایەن مامۆستایانی ئاینی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی کرا. دەشڵێ: ئەگەر هەر سیمینارێک کاریگەری لەسەر یەک کەس بووبێت دەکاتە 170 کەس ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر باشە.

هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دووبارە بەرنامەیەکی دیکە بۆ ساڵی 2024-2025 دابنێن و ئەمڕۆ ڕایبگەیەنین، هەروەها پەیامی مامۆستای ئاینی پەیامێکی چاکسازییە، بۆیە زۆر جار مامۆستایانی ئاینی پێویستە بێنە دەرەوەی مزگەوت بۆ بانگەوازیکردن، چونکە ڕەنگە زۆر کەس ڕوو لە مزگەوت نەبێت.