زیقار لەماوەی کەمتر لەیەک هەفتە زیاتر لە 30 خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینوە

خۆپیشاندانی گەنجانی پارێزگای زیقار
خۆپیشاندانی گەنجانی پارێزگای زیقار

پارێزگای زیقار لەماوەی کەمتر لەیەک هەفتەدا زیاتر لە 30 خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینوە. زۆرینەی خۆپیشاندەران گەنجن و داوای هەلی کار و خزمەتگوزاریی دەکەن.

بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە حکومەتی ناوەندی هۆشیاردەکەنەوە، ئەگەر بەدەم گەنجانی زیقارەوە نەیەن خۆپیشاندانەکان سەردەکێشن بۆ پاریزگاکانی دیکە و ئەوکات ئەنجامی باشی نابێت.

لەماوەی تەنها یەک هەفتەدا پارێزگای زیقار ژمارەی پێوانەیی خۆپیشاندانی تێدا تۆمارکراوە بە بەراورد بە پاریزگاکانی دیکە. ناوەندی زیقار و شارەدێ و شارۆچکە لەماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 30 خۆپیشاندانی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە. داواکاری خۆپیشاندەرانیش بریتی بوون لە دامەزراندن، خزمەتگوزاریی هەروەها دابەشکردنی زەوی و کۆتایهینان بە پشپشکێنە کە چەندین ساڵە لە پارێزگاکە هەیە.

چالاکوانێک بە کوردستان24 دەڵێ، "ڕۆژانە نزیکەی سێ بۆ چوار خۆپیشاندان لە زیقار دەکرێن. خەڵک داوای دامەزراندن یاخود خزمەتگوزاریی و کارەبا دەکەن، هیچ چارەسەێکیش نییە".

دەشڵێت: "ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە خۆپیشاندانەکانی زیقار بەردەوامیان دەبێت، ئەم پارێزگایە هاوشێوەی تۆپێک لە ئاگرە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەکەی قورس دەبێت".

بەرپرسان پێیانوایە خۆپیشاندەرانی زیقار هۆشدارین لەلایەن ئەو گەنجانەی داوای گۆڕانکاریی دۆخی ژیان و چارە کردنی کەمی خزمەتگوزاریی و دامەزراندن دەکەن، ئەگەر حکوومەتی ناوەندی وەڵامیان نەداتەوە، دۆخەکە بەرەو کارەساتی گەورەتر هەنگاودەنێت و سەردەکێشێت بۆ پارێزگاکانی دیکە.

حەیدەر سەعیدی، ڕاوێژکاری پارێزگاری زیقار گوتی، "پارێزگای زیقار یەکێکە لە پارێزگا قەرەباڵغەکان و لەڕووی چڕی دانیشتوانەوە چوارەم پارێزگای عێراقە، زۆرینەی دانیشتووانەکەشی گەنجن. داوا لە کۆمپانیاکانی نەوت کراوە تا هەلی کار دابینبکەن، هەروەها پێویستیشە کەرتی تایبەت گرنگی پێ بدرێت. گوشاریش لەسەر حکوومەتی ناوەندی بەردەوامە بۆ دامەزراندنی زیاتری نەوەی ئەم شارە".

خۆپیشاندانەکانی زیقار بەردەوامن، لە ئەگەری دابیننەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە، ڕەنگە گەنجان پەنا بۆ ڕێگە و گوشاری دیکە ببەن بۆ ناچارکردنی بەرپرسان لەوانەش؛ گرتنی ڕێگەکان و سوتاندنی تایە، هەروەها داخستنی دامەزراوەکانی حکوومەت.