بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر: نەبوونی خزمەتگوزاریی و ئاسایش ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان
بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر ئاشکرای دەکات، سەرباریی ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، قەرەبووکردنەوەکان وەک پێویست نەبوون و خەڵک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و ئاسایشەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
چوارشەممە 14ـی ئابی 2024، خدر خودێدا بەڕێوەبەری ناحیەی گردعوزێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: رۆژێکی وەک ئەمڕۆ 17 ساڵ بەر لە ئێستا، لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە، کارەساتێکی گەورە بەسەر ئێزدییەکاندا هات بە تەقاندنەوەی چوار ئۆتۆمبێلی پڕ لە تەقیینەوە کە 313 هاووڵاتی بەهۆیەوە بوونە قوربانی، زیاتر لە 400 خانوو وێران بوون، زیاتر لە 170 دوکان خراپ بوون، دەڵێت: سەرباریی ئەو زیانانە، قەرەبووکردنەوەکان لە ئاست پێویست نەبوون، هەر شەهیدێک دوو ملیۆن و هەر بریندارێک ملیۆنێکی پێ درا، خانووەکانیش کە ڕووخان، بەپێی هەڵسەنگاندنی لێژنەیەک کە 400 خانوو بوون، 21 ملیۆن دیناریان بە سێ قۆناغ پێدرا.
خدر خودێدا دەڵێت: شنگال باجی ناوچەی جوگرافی و ئێزدیاتی دەدات، گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا نییە، چونکە بووەتە ناوچەی ئاڵوگۆڕی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیی کردن بە مرۆڤ، ئەویش گرووپە نایاساییەکانی لەوێدان ئەنجامی دەدەن، دەڵێت: ئەگەر حکوومەتی عێراق ئیرادەی هەبێت، ئێمە پلانمان هەیە ئەو ناوچەیە ئاسایی بکەینەوە.
دەشڵێت: پرسی ئەمنی و خزمەتگوزاریی بوونەتە ڕێگر بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ ناوچەکەی خۆیان.