چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا بەڕێوە دەچێت

ئاڵای تورکیا (ڕاست) و ئاڵای عێراق (چەپ)
ئاڵای تورکیا (ڕاست) و ئاڵای عێراق (چەپ)

سبەی پێنجشەممە، 15-08-2024، چوارەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنیی لە نێوان لیژنەی باڵای تورکیا و عێراق لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت.

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکەن. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە دەیپلۆماسییەکانەوە دەست کەوتوون، ئامانجی کۆبوونەوەکە کە بە سەرپەرشتیی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوە دەچێت، بەردەوامیدانە بە هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە چوارچێوەیەکی دامەزراودا.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 11-08-2024، لیژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە و بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆ بووەوە. بە گوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی سەردانی لیژنەکە بۆ تورکیا کراوە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، سەبارەت بە بەردەوامی دیدارەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆیان ڕاگەیاند: "ڕاگەیاندنی پەکەکە بە 'ڕێکخراوی قەدەغەکراو' هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانین بە تەواوی بە 'ڕێکخراوی تیرۆریستیی' ڕابگەیەندرێت".