ماتیاس مۆگێ: زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لەسوودان مەترسی برسێتییان لەسەرە
بڕیارە گفتوگۆکان لەسەر شەڕی سوودان لە سویسرا دەست پێ بکات، هەروەها باسی هاوکارییە مرۆییەکانیش دەکرێت کە ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕەوە ڕووبەڕووی برسێتی و ئاوارەبوون بوونەتەوە.
ئەمەریکا هەردوو لایەنی شەڕەکەی بانگهێشتی سویسرا کردووە بۆ گفتوگۆکردن، هەروەها شوێنی دەستپێکردنی دانوستانەکانیش تا ئێستاش ئاشکرا نەکراوە و بە نهێنی ماوەتەوە بە هۆکاری ئەمنی.
شارەزایان دەڵێن، لە ئێستاوە برسێتی لە ناوچەی باکووری دارفور بڵاوبووەتەوە و سەدان هەزار کەس بەدەستییەوە گیرۆدەن، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم دۆخە بە گەورەترین قەیرانی پەنابەری لە جیهاندا و کارەساتی مرۆیی وەسف دەکات.
کارمەندانی هاوکارییە مرۆییەکان بەهۆی شەڕەوە ناتوانن بگەنە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵات، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لەسوودان مەترسی برسێتییان لەسەرە.
ئەمەریکا نوێنەری سەربازی و میلیشیاکانی بۆ دانوستانەکان بانگهێشت کردووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە سوپای سوودان بەشداریی دانوستانەکان دەکات یاخود نا، لەوبارەوە ئەمەریکا سێ ڕۆژ مۆڵەتی بە سوپای سوودان داوە تاوەکو بەشداری دانوستانەکە بکات، ئەگەر لایەنەکانی ململانێ ئامادەی دانوستانەکان نەبن، شارەزایانی تەکنیکی باس لە چۆنیەتی باشترکردنی دەستڕاگەیشتنی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە پێویستیان پێیەتی.
بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ئاوارە بوون و بەشێکی دیکەشیان لەودیو سنوورەوە هەڵهاتن. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە هەردوو لایەنی ململانێکان ڕێگری لە هاتنی کاروانی هاوکارییەکان دەکەن.
ماتیاس مۆگێ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی خێرخوازی ئەڵمانی "فیڵت هەنگەرهیلف" داوای کرد کە ڕێڕەوی مرۆیی لە وڵاتەکەدا بکرێتەوە بەهۆی خراپتربوونی برسێتی. گوتیشی: "گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا لە سوودان پەرەدەستێنێت".
مۆگێ ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس واتە نیوەی دانیشتووانەکەی لە دۆخێکی خراپی خۆراکی دان، 755 هەزار کەسیش مەترسییەکی جددی برسێتییان لەسەرە".