کێشەی بازگەکانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق گەیاندرایه‌ سوودانی

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ تاوتوێی کێشەی بازگەکانی نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقیان بۆ گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمەکە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی کرد.

چوارشەممە 14ی ئابی 2024 عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنەکە لە بەغدا بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی پیشەسازی (مجلس التنسیق الصناعی) لە عێراق کرد و لە دیدارێکی تایبەتدا کێشەی بازگەکانی نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم گەیاندە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئامادەبوونی هەریەکە لە بریکاری وەزارەی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، وەزیری نەوت، وەزیری بازرگانی و وەزیری پیشە سازی و کانزاکان و وەزیری کارەبای حکوومەتی فیدراڵ کە هەریەکەیان ئەندامی ئەنجوومەنەکەن بەڕێوەچوو.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە کۆبوونەوەکە باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان کرد و پێشنیاری چارەی بۆ هەریەکە لە کێشە و گرفتەکان خستە ڕوو کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:-

1- ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانەی کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پێشکەش بە کارگەکانی کەرتی پیشەسازی دەکات کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە لە بواری سووتەمەنی و نەوتی ڕەش کە پێداویستیەکی سەرەکی و ڕۆژانەی کاری بەشێکی زۆری کارگەکانی بواری پیشەسازین.

2- لە بواری قەرزی پیشەسازی: پێشنیاری ئەوەیکرد لە داهاتوودا قەرزی پیشەسازی بە خاوەنکار و ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەیانەوێت کارگە دابمەزرێنن، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە وە داوای کردنەوەی لقی بانکی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستانی کرد .

3- لە بواری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ: ناوبراو ڕوونکردنەوەی پێویستی دا کە ناڕێکیەکی زۆر لە زۆربەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هەیە بە هاتنە ناوەوەی کاڵای خراپ و کوالێتی نزم لە کاتێکدا، هەرێم خاوەن کارگەی زۆر باشە و دەتوانێت بە کوالێتی زۆر بەرزتر و بە نرخێکی گونجاوتر هەمان جۆری ئەوکاڵایانە بەرهەم بهێنێت کە خواست و داواکاری تەواوی بازاڕی عێراق پڕ دەکاتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەمەش وایی کردووە کە زیانی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی ناوخۆ بگەیەنێت کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستیان بە ڕێکخستنەوەی دەروازەکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی کاڵای کوالێتی نزم .

4- لە بواری ووزەی کارەبا: داواکاری ئاڕاستەی وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کرد ،کە لە بە بازاڕکردنی بەرهەمی کارگەکانی بواری پێداویستی کارەبای ڕەچاوی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت، کە خاوەن کارگەی زۆر باشن لەو بوارە و لە کاتی دروستکردنی شار و ناوچە پیشەسازیەکان لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەوای هەرێم بکەن، لە دابینکردنی پێداویستی کارەبا لە بواری محاویلات و پێداویستیە سەردەمییەکان کە پێویستە هەبن لە هەر شارو ناوچەیەکی پیشەسازی و، باس لە بەشداریکردنی هەرێم کرا لەو فەند و پاڵپشتیانەی کە دەکرێت لەبواری پیشەسازی کارەبا.

5- پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ: بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکان بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم پێشنیاری کرد کە لە ئامادەکردنی تەندەر بۆ هەر پرۆژەیەکی حکوومی لە وەزارەتە جیاوازەکان لەبواری بیناسازی و خۆراکی ئەو بڕگە زیاد بکرێت کە لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێداویستییەکان لە بەرهەمی ناوخۆ بەکار بهێنرێت لە حاڵەتی نەبوونی ئەو جۆرە لە بەرهەمی ناوخۆ ئەوکاتە پەناببرێتە بەر هێنانی کەرەستەی بیانی و ئەوە بکرێتە مەرجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی.

لەمیانی ئەو دیدارانەدا بریکاری وەزارەت لە گفتووگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ گرفت و ڕێگریکردنی بازگەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵی باسکرد کە ڕێگری لە هەناردەی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان دەکەن بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە پێی بڕیاری ژمارە (2400177) لە 15ـی 7ـی 2024 کە کاریگەری خراپ لەسەرکارگەکانی هەرێمی کورستان دروست دەکات و، پێچەوانەی دەستووری عێراقە لەبەرئەوەی کارگەکانی بواری پیشەسازی مۆڵەتی فەرمیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و ناکرێت بە بیانوی دەرهێنانی مۆڵەتی نوێ لەوەزارەتی پیشەسازی حکوومەتی عێراق و گواستنەوەی دۆسیەکانیان بۆ بەغدا ڕێگری لە ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوخۆی عێراق بکرێت.