ئه‌میر عوسمان: پێكه‌وه‌ژیان بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌

ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕاپۆرتی خۆیدا به‌ بایەخەوە باس له‌ بابه‌تی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

چوارشه‌ممه‌، 14ـی ئابی 2024، ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ ڕاگه‌یاندنی كارنامه‌كه‌یدا كوردستانی وه‌كوو مه‌ڵبه‌ندی پێكه‌وه‌ژیانی ئایین و ئایینزاكان ناو برد و پێكه‌وه‌ژیانی كوردستانیشی خسته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی.

ئه‌میر عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "له‌سه‌ر ئاستی ڕێكخراو و كۆنفرانس و بۆنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بایه‌خێكی زۆر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت له‌ بواری پێكه‌وه‌ژیانی ئایینیدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش بانگهێشتی شاند و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی توانیویانه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ پێكه‌وه‌ژیان بكه‌ن".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، پێكه‌وه‌ژیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگاندن و پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زێده‌ڕۆیی تێدا نییه‌ و تێكه‌ڵ به‌ سروشت و ژینگه‌ی كوردستان بووه‌ و بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 21ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌ژێر چاودێریی پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پێكه‌وه‌ژیان له‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ چالاكییه‌ك كه‌ بریتی بوو له‌ "دیداری كوردستان بۆ ئاشتی" به‌رز ڕاگیرا.

له‌و دیداره‌دا، ژماره‌یه‌ك پانێڵ له‌ لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ قه‌شه‌ زه‌یا شابا، نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كان، شێخ ئیبراهیم، نوێنه‌ری موسڵمانان، خێری بۆزانی، نوێنه‌ری ئێزدییه‌كان، ڕه‌حیق نه‌شئه‌ت سافی، نوێنه‌ری به‌هائییه‌كان، سه‌فاء ثامر، نوێنه‌ری سابیئه‌كان، سه‌فه‌ر هاواری، نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان، ئه‌نداز حه‌وێزی، نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییه‌كان و شێركۆ عوسمان لاسۆك، نوێنه‌ری جووه‌كانی كوردستان پێشكه‌ش كرا.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌ و كاردانه‌وه‌كان، ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: به‌رزراگرتنی ئه‌و بۆنانه‌، ده‌چێته‌ ناو چوارچێوه‌ی بایەخپێدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆیه‌م و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، كه‌ له‌ كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ و پاراستنیشی به‌ پێویست زانیوه‌.

ئه‌میر عوسمان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد "له‌ چوار ساڵی ڕابردووی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو ڕاپۆرته‌كانی كۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینی له‌ ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی كه‌نداو به‌تایبه‌ت وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی، له‌ ڕاپۆرته‌كانی ساڵانه‌یاندا زۆر به‌ بایەخەوە جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ لایانه‌وه‌ جێی بایه‌خ و سه‌رنجێكی ورده‌". ئه‌میر عوسمان گوتیشی: له‌ ڕاپۆرته‌كاندا به‌ ڕوونی هه‌رێمی كوردستان له‌و ڕووه‌وه‌ له‌ عێراق جیا كراوه‌ته‌وه‌ و ناویان له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ "دوورگه‌ی ئاشتی و ئارام بۆ پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان".