بەغدا؛ دەست بەسەر چوار کۆگای کتێبی دزراوی پرۆگرامی خوێندندا گیرا
فەرماندەیی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئابی 2024، دەست بەسەرداگرتنی چوار گۆگای کتێبی پرۆگرامی خوێندنی لە بەغدا ڕاگەیاند، کە لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دزراون.
فەرماندەییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لە چوارچیوەی پلانی ئەمنی پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگری و بۆ ڕاوەدونانی گرووپە خراپەکارەکان لە هەموو جۆرە تاوانەکاندا، هێزێکی فیرقەی پێنج لە پۆلیسی فیدراڵ، بە هەماهەنگیی لەگەڵ مەفرەزەکانی هەواڵگریی بەغدا و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری لە بازاڕی شەعب لە باکووری بەغدا، توانرا دەست بەسەر چوار کۆگای نایاسایی دابگیرێت".
هەروەها ئاماژەی داوە "هەر چوار کۆگا نایاساییەکە پڕ بوون لە کتێبی پرۆگرامی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە لە کۆگاکانی وەزارەتەکە دزراون و بەنیازبوون لە دەرەوە و لە بازاڕی ڕەش بیانفرۆشنەوە".
فەرماندەیی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق تەنیا دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکان و کتێبەکانی بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەستگیرکردنی گومانلێکراون بکات.