هەرێمی کوردستان و سربیا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان پتەو دەکەن

شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک

میلان پیدرۆڤیج، یاریدەدەری پارێزگاری هەرێمی پیرۆت لە سربیا و شاندێکی بازرگانان و خاوەنکارانی سربیا لەگەڵ  سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانیی دهۆک، لایەنە هاوبەشییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد و بڕیاریاندا پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوانیان بەهێز بکەن.

پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پلانی ژووری بازرگانی و پێشەسازیی دهۆک ئەوەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکات، بەتایبەتیش وڵاتانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی ژێرخانی ئابووریی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی بازرگانانی کوردستان و دهۆکیش زیاتر سوودمەند بن وبەرهەمەکانی کوردستان بنێرینە دەرەوە.

گوتیشی: لەگەڵ میلان پیدرۆڤیج، یاریدەدەری پارێزگاری هەرێمی پیرۆت لە سربیا و شاندێکی بازرگانان و خاوەنکارانی سربیا، بابەتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و بازرگانیمان گفتوگۆ کرد، دەشڵێت: ڕێژەی بازرگانیی سربیا  لە هەرێمی کوردستان کەمە، بۆیە بڕیارمان دا بچینە سربیا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەهێز بکەین.

شوکری جەمیل گوتی: دەرفەتەکانی وەبەرهێنانمان لە کوردستان بۆ شاندەکە خستە ڕوو، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداربن لە پێشخستنی زیاتری کەرتەکان.

چوارشەممە 14/8/2024، میلان پیترۆفیج، یاردەدەری پارێزگاری پیرۆت لە سربیا بۆ کاروباری بازرگانی و شاندی یاوەری لە بازرگانان و خاوەنکارانی سربیا گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و لاوەند مەموندی و کامەران محەممەد ساڵح ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی سربیا و هەرێمی کوردستان کرد.

میلان پیترۆفیج، یاریدەدەری پارێزگاری پیرۆت ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان عێراق و سربیا زۆر بەهێز بوو، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە بەسەر هەردوو وڵاتدا هات، پەیوەندییەکان لاواز بوون. یاریدەدەری پارێزگار گوتی: ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وڵاتی سربیا لەگەڵ عێراق ساڵانە 406 ملیۆن دۆلارە، بەمەش پەیوەندیەکان لە ئاستی پێویست نین، هاتووین پەرە بە پەیوەندیە بازرگانیەکانمان بدەین لەگەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.

میلان پیترۆفیج دەربارەی ئەو کەرتانەی کە لە سربیا ئەزموونی باشی هەیە، ڕایگەیاند: لە گشت کەرتەکان بە گشتی و لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراك بەتایبەتی، دەتوانینن بەرهەمەکانمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هەناردەی کوردستان بکەین .