پێکهاتەکان داوا دەکەن نوێنەریان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەبێت

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوا دەکات؛ تورکمان، کلدان، سریان و پێکهاتەکانی دیکە نوێنەریان لەنێو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەبێت. دەشڵێت، مافی تورکمانەکانی کەرکووک پێشێل کراوە.

پێنجشەممە، 15-08-2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێکهاتەکان بە سیستەمی کۆتا و لە دەرەوەی سیستەمی کۆتاش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ئایدن مەعروف بە پێویستی دەزانێت، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕان لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتا لە پێنج کورسییەوە بۆ 15 کورسی زیاد بکرێن.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوا دەکات تورکمان، کلدان، سریان و پێکهاتەکانی دیکە نوێنەریان لەنێو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەبێت و لە بەڕێوەبردنی کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵیان هەبێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان پێیوایە، مافی تورکمانەکانی کەرکووک لەو پرسەدا پێشێل کراوە و دەڵێت: دەبووایە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بە ڕێککەوتن بووایە، نەک مافی هەندێک پێکهاتە پێشێل بکرێت. ئەوەی ڕوویدا نایاسایی بوو.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. 

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، 100 کورسین؛ 95ـیان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون. دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.  

بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 266 ناوەند و شەش هەزار و 318 بنکەی دەنگدان ئامادە کراون؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، 165 ناوەند و 749 بنکەی دەنگدان لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادە کراون.