قوتابیانی بەنگلادیش ڕێگریی لە خۆپشاندانی لایەنگرانی شێخە حەسینە دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەدان قوتابی بە دارەوە لە شاری دەکای پایتەختی بەنگلادیش چوونە شوێنی گردبوونەوەی لایەنگرانی شێخە حەسینە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادیش، کە داوای لە لایەنگرانی کرد بێنە سەر شەقامەکان، بۆ یادی 49هەمین ساڵەی تیرۆرکردنی باوکی.
سەرگیس عەلەم، یەکێک لە سەرکردەکانی ڕێکخراوی قوتابیان کە لەپشت خۆپیشاندانەکانی مانگی تەمموزەوە بوو، ڕایگەیاند: کۆمەڵەی عەوامی، حزبی شێخە حەسینە، بە بیانووی ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕۆژی ماتەمینە، هەوڵی ئاژاوەگێڕان دەدات؛ ئێمە لە شەقامەکاندا دەمێنینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە هەوڵانە.
ئاژانس فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە "ئەو قوتابیانەی خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، گەشتیان بەو شەقامەدا کردووە کە بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خێزانی شێخە حەسینە بووە، کە باوک و براکانی لە ساڵی 1975 لە کودەتایەکی سەربازیدا تیرۆر کران".
ئەم شوێنەوارە تا ئەم دواییانە مۆزەخانەیەک بوو کە تایبەت بوو بە باوکی، شێخ موجیب ڕەحمان، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووخانی، لەلایەن خەڵکەوە سووتێنرا و تێک درا.
لە یەکەم لێدوانیدا لە دوای هەڵاتنی بۆ دەرەوەی وڵات لە 5ـی ئاب، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادیش کە پەنای بۆ هیندستان بردووە، داوای لە لایەنگرانی کردووە "دوعای ڕزگاری بۆ هەموو ڕۆحەکان بکەن بە پێشکەشکردنی تاجە گوڵینە و دوعاکردن" لە ماڵی منداڵیی خۆی لە داکا.
لە سەردەمی 15 ساڵەی حوکمڕانی شێخە حەسینەدا، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، لەسەریان پێویست بوو بەشداری لەو گردبوونەوەدا بکەن کە بۆ یادی تیرۆرکردنی باوکی لە 15ـی ئابدا بەڕێوە دەچوو.
بەڵام حکوومەتی کاتی لە بەنگلادیش، پێشتر هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگی ئەم ڕۆژە نیشتمانییەی ڕاگەیاند و داوای لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی کرد بەردەوام بن لە کارەکانیان.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، شێخە حەسینە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، داوا دەکەم لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکرێت کە دەستیان لە کوشتن و کردەوەی تێکدەرانەدا هەبووە، هەروەها تاوانباران دەستنیشان بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە دادگا بڕیارەکەی ڕاگەیاند، کە لێکۆڵینەوە لە خۆی و شەش بەرپرسی حکوومەتەکەی دەکات بەتۆمەتی کوشتن لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش.
پۆلیس ڕەخنەی زۆری لێ گیرا بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژی حکوومەت، کە لە ئەنجامدا 450 کەس کوژران، کە 42 کەسیان کارمەندی ئەمنی بوون.