مارک سترۆ: پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردستان قوربانیدانی هاوبەش پێکی هێناوە
بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی، کونسوڵی گشتی پێشووی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردستان قوربانیدانی هاوبەش پێکی هێناوە، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ میوانداریی قەشەنگیان.
پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی پێشووی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی پەیامێکی لە پێگەی فەرمیی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاو کردەوە و دەڵێت: پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر؛ پەیوەندییەک، کە قوربانیدانی هاوبەش پێکی هێناوە و بە بەها هاوبەشەکان بەهێز کراوە.
سترۆ دەڵێت: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، پارێزگاریی یاساییمان بۆ پەنابەران بەهێزترکرد و خستمانە سەر ڕێکاری ڕێکخراوی خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوبەشییمان پێک هێنا بۆ پێشخستنی مافەکانی ئافرەتان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ڕەگەزی، هەمەچەشنکردنی ئابوری، هاندان و بیرۆکەبەخشین بە کارسازانی داهاتوو، پێشخستنی ئازادیی ڕاگەیاندن، نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە فەرهەنگییەکان، پاڵپشتیی پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی یەکترقبوڵکردن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتووی دەرچووانی زانکۆ بۆ کێبڕکێکردن و بەدەستهێنانی یەکەم هەلی کارکردنیان.
گوتیشی: پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەست هێناوە کە ئەرکێکی بنەڕەتییە لە دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ هەرێمی کوردستان و لایەنێکی بنچینەییی ئەو هاوبەشییە دورمەودایەیە کە لە بواری ئاساییشدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمانە. بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە کاری پێکەوەیی بۆ باشترکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و کاری میدیا، هەروەها بە تامەزرۆییەوە چاومان لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە کە لە مێژە چاوەڕوان کراوە و لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەکرێت.
مارک سترۆ گوتی: دەمەوێت سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ میوانداریی قەشەنگیان و هاوبەشکردنی فەرهەنگە دەوڵەمەند و هەمەڕەنگەکەیان لەگەڵم. خزمەتکردنم لێرە وەکو کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمەریکا، شانازی و ئیمتیازێکی گەورە و مەزن بووە، دەزانم هەمان پێشوازیی گەرم و پشتگیریی تەواوەتیی خۆتان لە (ستیڤ بیتنەر)ی جێگرەوەم دەکەن لەکاتی دەستبەکاربوونی لە بەردەوامیی بەم کارە گرنگە.