وه‌سفی عاسی: یه‌كێتی ڕازییه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك و ئاڵای كوردستان له‌و شاره‌ به‌رز نه‌كاته‌وه‌

وه‌سفی عاسی، میری خێڵی عوبه‌ید و په‌رله‌مانتاری كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی عێراق
وه‌سفی عاسی، میری خێڵی عوبه‌ید و په‌رله‌مانتاری كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی عێراق

میری خێڵی عوبه‌ید و په‌رله‌مانتاری كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای بیست ساڵ توانیان خه‌ونی خۆیان بۆ كه‌ركووك به‌ دی بهێنن و پرسی "نه‌ته‌وه‌یی" تێپه‌ڕێنن و ئه‌و پرۆژه‌ی هه‌یانبوو، جێبه‌جێی بكه‌ن؛ ده‌شڵێت، ئه‌وانه‌ی له‌ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پارێزگار به‌شدار بوون، "نموونه‌ی كوردی نوێن‌". باس له‌وه‌ش ده‌كات، ڕاسته‌ پارێزگاری نوێی كه‌ركووك كورده‌، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌ك به‌ ناوی "هاوپه‌یمانی كه‌ركووكی نیشتمانی"، واته‌ پارێزگار نوێنه‌رایه‌تی كورد ناكات، به‌ڵكوو نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌كات.

وه‌سفی عاسی، میری خێڵی عوبه‌ید و په‌رله‌مانتاری كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌ به‌رنامه‌ی "المیدان" له‌ كه‌ناڵی (الأولی) ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردوون وه‌كوو جاران له‌ كه‌ركووك ڕه‌فتار بكات، هه‌رگیز هه‌نگاوی له‌گه‌ڵ نانێن، به‌ڵام یه‌كێتی ئێسته‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق".

وه‌سفی عاسی هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، یه‌كێتی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عێراق و له‌ ژێر ئاڵای عێراقدایه‌. یه‌كێتی ده‌شڵێت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ كه‌ركووك خۆم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌م ده‌پارێزن".

ناوبراو هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، یه‌كێتی پێی گوتوون، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ئاسایش و پێشمه‌رگه‌یان برده‌ كه‌ركووك، مافی خۆتانه‌ به‌ ده‌نگ بێن. ته‌نانه‌ت یه‌كێتی پێی گوتوونه‌ كه‌ هه‌رگیز ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك به‌رز ناكه‌نه‌وه‌.

وه‌سفی عاسی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چه‌ند ته‌وه‌ری دیكه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌، له‌وانه‌ هه‌ر كه‌سێكی كه‌ركووك واته‌ عه‌ره‌بی كه‌ركووك كه‌ بێسه‌روشوێنه‌ یاخود له‌ زیندانه‌كانی سلێمانی زیندانی كراوه‌، له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌ك كه‌ نووسینگه‌كه‌ی له‌ كه‌ركووكه‌، ده‌توانێت سه‌ردانیان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسانی سلێمانییه‌وه‌ بكه‌ن و بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنان و زیندانییه‌كان.

میری خێڵی عوبه‌ید و په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، عه‌ره‌بی كه‌ركووك سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانییان كردووه‌ و له‌ باره‌ی دانانی پارێزگارێكی عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركووك پرسیاریان لێ كردووه‌، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا پێی گوتوون "هه‌رگیز به‌وه‌ ڕازی نابین، چونكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌یه‌".