بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەست لەکار دەکێشێتەوە

دڵشاد عومەر، بەڕیوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی
دڵشاد عومەر، بەڕیوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی

K24 – هەولێر:

دڵشاد عومەر، بەڕیوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لەبارەی هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەکەی گوتی: لەناو بزووتنەوەی گۆڕان درێژە بەکاروانی چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەدەم و ڕۆژی سێشەممە ماڵئاوایی لە پۆستەکەم دەکەم.

داوای 9 ساڵ بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی، ڕۆژی سێشەممە، دڵشاد عومەر، بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ماڵئاوایی لە پۆستەکەی دەکات.

هەر لەو بارەیەوە ناوبراو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیارەکە پەیوەستبوو بە داگیرکردن و نەگەڕاندنەوەی ئەو 182 دۆنم زەوییەی کە لە ئامادەیی کشتکوکاڵی بەکرەجۆ بوو من زۆر بەرگریم کرد، بەڵام وەک لە ڕابردوو گوتم بە چەند ڕێگەیەکی نایاسایی  ئەو زەویە بەو نرخە نایابە درا بە وەبەرهێنەرێک لەبەرامبەر مشتێک پارە.

دڵشاد عومەر، گوتیشی: "لەبەر ئەم زوڵمەی لە کەرتی گشتی با تایبەت پەروەردە دکرێت بڕیارمدا 20ـی دەست لەکار بکێشمەوە، هەموو شتێکیشم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یەکلایی کردووەتەوە، کە پێشنیار کراوە کەسێکی تر لەجێگەکەمان دابندرێت چونکە ئەو پۆستە پۆستی بزووتنەوەی گۆڕانە و منیش لەناو بزووتنەوەکە درێژە بەکاروانی چاکسازی بەگژداچونەوەی زوڵم و ستەم دەدەم."

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەکرەجۆ كە (182) دۆنمە بە فەرمانێكی نهێنی دراوە بە وەبەرهێنێك بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەگەر تا 20ـی ئاب فەرمانەكە هەڵنەوەشێتەوە دەست لەكار دەكێشێتەوە.