گۆڕان: پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی پڕناکەینەوە
K24 – هەولێر:
کاردانەوەکانی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەردەوامە و گۆڕانیش ڕەتی دەکاتەوە ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، کە پشکی خۆیەتی.
دوای ئەوەی دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوە و پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بڕیارەکەی پەیوەستبوو بە داگیرکردن و نەگەڕاندنەوەی ئەو 182 دۆنم زەوییەی کە لە ئامادەیی کشتکوکاڵی بەکرەجۆ کە بە ڕێگەیەکی نایاسایی ئەو زەوییە نایابە درا بە وەبەرهێنەرێک لە بەرانبەر مشتێک پارە.
لەو بارەیەوە، 20ـی ئابی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: پشتیوانی هەڵوێستی دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەکات، کە وەک هەڵوێستیک بەرامبەر بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی؛ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لەو سۆنگەیەوە پۆستەکەی پڕناکەینەوە.
پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەکرەجۆ كە (182) دۆنمە بە فەرمانێكی نهێنی دراوە بە وەبەرهێنێك بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەگەر تا 20ـی ئاب فەرمانەكە هەڵنەوەشێتەوە دەست لەكار دەكێشێتەوە.