هەورامانی: ژمارەیەک کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا دەربارەی پرسی مووچە دەکرێت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پرۆژەی بۆ هەڵەبجە ڕاگەیاند و گوتی پرۆژەکانیش پارەیان بۆ تەرخان کراوە، دەشڵێت: لەسەر پرسی مووچە، ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک پرۆژە سەردانی هەڵەبجەمان کردووە و لەگەڵ هەردوو جێگرانی پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوینەوە گفتوگۆمان لەسەر کردووە.
گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، خۆی چاودێریی پرۆژەکانی هەڵەبجە دەکات، هەروەها مەبەستیەتی خاڵ بەخاڵی داواکارییەکانی هەڵەبجە جێ بەجێ بکرێن. دەشڵێت: باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە دروست دەکرێت، کە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها باڵەخانەیەکی نوێش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ دروست دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردەوە، 250 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامی گشتیی هەڵەبجە تەرخان کراوە، هەروەها نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ دوو پرۆژەی گەشتیاری لە بیارە، لەسەر بڕیاری نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە، ڕەزامەندی لەسەر 114 ملیۆن دینار، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەڵەبجە دراوە کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆلێرایە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا "ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە کاری لەسەر کراوە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، جگە لەوە دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی ڕسوماتی بۆ هەموو ئەو پرۆژانە دەرکردووە کە تایبەتە بە پارێزگای هەڵەبجە. ئەو پرۆژانەش کاریگەرییان لەسەر هەلی کاری ناوچەکە دەبێت".
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ ڕادەگەیەنێت، کە ئەیەوێت خورماڵ و هەورامانیش ببنە ناوەندێکی گرنگی گەشتوگوزاری لە ناوچەکەدا، ئەوەش پرۆژەکان بوون کە هەموویان پارەیان بۆ دابین کراوە.
سەبارەت بە مووچەش هەورامانی گوتی: هۆی نەهاتنی مووچە، پەڵپ پێگرتنێکی سیاسییە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نییە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیووە، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقی و دادگای فیدراڵییە؛ چونکە دادگای فیدراڵی گوتی نابێت مووچە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت. هەموو داواکارییەکانی بەغداش جێ بەجێ کراون.
گوتیشی: لەم هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا، لەسەر ئەو پرسە دەکات، بۆیە ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی مووچەیان نەناردووە. دەشڵێت: یەکێک لە پاساوەکانیان ئەوەیە بۆچی فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک مووچەیان لە هەرێمی کوردستان پێ دەدرێت؟ کە پێشتر ڕێکەوتمان هەبووە ئەو فەرمانبەرانە بخەنە سەر وەزارەتی پەروەدەی عێراق، ئەوان ڕێککەوتنەکەیان جێ بەجێ نەکردووە.
جەختی کردەوە، ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت، ئەوانەی کە چاوساغ و پێشڕەوی سوپای بەعس بوون بۆ ئەنفال، هەر ئەمڕۆ لەناو بەرگ و قاڵبێکی دیکەدا چاوساغ و پێشەڕەوی ئەو دەنگانەن کە لە ناوحکوومەتی فیدراڵیدا ئەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی بکەن، بۆیە جاش هەرجاشە بەڵام سەردەمەکەی گۆڕاوە.