فیلمی تەپڵ له‌ فێستیڤاڵی ڤینیسیا نمایش ده‌كرێت و ده‌رهێنه‌ره‌كه‌شی له‌ زیندانه‌

ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی كورده‌ و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران گیراوه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e08da685-cc5c-4485-be51-b369e83d93a4/keywan%20kerimi.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

فیلمی تەپڵ، بەرهەمی دەرهێنەرێکیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانه‌ و وەک فیلمی ئێران، لە فستڤالی فیلمی ڤێنیسيای ئیتاڵیا نمایشكرا, به‌ڵام دەرهێنەرەکەی بەهۆی به‌رهه‌مهێنانی فیلمێکی دۆكیومنێتاری، لە بەندیخانەیە و نەیتوانی لەم فستیڤاڵەدا بەشدار بێت.

نوێترین بەرهەمی کەیوان کەریمی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەمساڵ نوێنەری تایبەتی سینەمای ئێرانە بۆ بەشی رەخنەگرانی فێستیڤالی ڤێنیز لە ئیتالیا، رۆژی یەکشەممە لەم فستیڤالە نمایش کرا.

کەریمی، ساڵی رابردوو بە هۆی دروست کردنی فیلمێکی داکیومێنتاری لەبارەی دروشمی سەر دیوارەکان لە شارەکانی ئێران سزای زیندان و قەمچی بۆ بڕایەوە، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ و بەر لەوەی بخرێتە زیندان بە هاوکاریی بەرهەم هێنەرێکی فەرەنسی لە ماوەی 20 رۆژدا فیلمێکی درێژی بەرهەم هێنا.

بەڕێوەبەرانی ئەم فێستیڤالە ئەگەرچی دەیانزانی کەیوان لە زیندانە و ناتوانێ بەشدار بێ، بەڵام وەك رێز لێنانێك کورسییەکیان بۆ دەستنیشان کردبوو بە خوێندنەوەی راگەیاندراوێکش داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد, ئەم سینەماکارە کوردە ئازاد بکات.

فرانسوا دارتمێر,  بەرهەم هێنەری سینەمایی ده‌ڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ لێرە رێز لە هونەرمەندێکی گەورە و دەرهێنەرێک دەگرین, ئێمە لێرەین بۆ رێز گرتن لەو فیلمە, بەڵام بۆ ئەو کەسانەی گوێیان لە دەنگی ئێمە دەبێ، زۆر بە روونی دەلێم، چاوەڕوانیمان ئەوەیە نەهێڵن ئەم هاووڵاتییە، ئەم پیاوە، کەیوان کەریمی لەوە زیاتر لە لایەن پۆلیس و دەسەڵاتی ئێرانەوە ستەمی لێ بکرێ و لەوە زیاتر تووشی ئازار بێ". 

فیلمی تەپڵ پاش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەش لە تەلاری سالاپرێللا نمایش دەکرێ و بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی رەخنەگران لەگەڵ چەندین فیلمی دیکە لە کێبڕکێدا دەبێ. بەڵام ئەگەر کەریمی براوەی خەڵاتی ئەم فستیڤالە بێت ئەوا لە نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەواڵی سەرکەوتنەکەی دەبیستێت.