لە بابل تۆڕێکی تایبەت بە بازرگانی شوێنەوارەکان دەستگیرکران

فەرماندەیی پۆلیسی بابل دەستگیرکردنی تۆڕێکی تایبەت بە بازرگانی شوێنەوارەکانی ڕاگەیاند، کە چەند پارچە شوێنەوارێکیان پێبووە هی سەدەی پێشوو بووە.

فەرماندەیی پۆلیسی بابل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دەزگا ئەمنییەکانی بابل بە سەرپەرشتی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە لیوا عەلی کامل حەسناوی توانیان تۆڕێکی بازرگانی شوێنەوارەکان دەستیگیر بکەن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە پشتبەستن بە زانیاری ورد، هێزێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن. کە پسپۆڕی قاچاخچێتی و فرۆشتنی شوێنەوارەکانن و تۆمەتبارەکانیش چەند پارچەی شوێنەوارێکی بەنرخیان لەدەست گیراوە کە دراوی سەدەی پێشوو بووە".

گوتیشی "تۆمەتبارەکان گواستراونەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرانبەریان" و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پارچە شوێنەوارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، ڕەوانەی فەرمانگەی شوێنەوارەکان کراون بۆ هەڵسەنگاندن و دۆکیۆمێنتکردن."