ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی "هەژماری من" دەست پێ دەکاتەوە
دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی "هەژماری من" دەست پێ دەکاتەوە و بۆ یەکەمین جار، فەرمانبەرانی سلێمانی و دهۆک، هاوشان لەگەڵ فەرمانبەرانی هەولێر، مووچەکانیان لە ڕێگەی پرۆژەکەوە وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-09-2024، مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی "هەژماری من" لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، ئەمە یەکەم مانگە بەشێک لە مووچەخۆرانی سلێمانی و دهۆک مووچەکانیان لە ڕێگەی پرۆژەکەوە وەردەگرن، لە نێویاندا مامۆستایانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.
مووچەکە کاتژمێر 12:00ـی ئەمڕۆ چوار شەممە، دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی بەشداربووان و بە کورتەنامەیەک نزیکەی 120 هەزار مووچەخۆر ئاگادار دەکرێنەوە، بە چەشنێک 103 هەزار فەرمانبەری مەدەنی و 17 هەزار پێشمەرگە لەم ڕێگەیەوە مووچە وەردەگرن.
ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە "هەژماری من":
هەولێر: ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 96% و مووچەی 116 هەزار مووچەخۆر خراوەتە سەر "هەژماری من".
سلێمانی: ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 33% و مووچەی نزیکەی دوو هەزار و 500 مووچەخۆر خراوەتە سەر "هەژماری من".
دهۆک: ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 92% و مووچەی نزیکەی هەزار و 500 مووچەخۆر خراوەتە سەر "هەژماری من".
بنکە و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ATM
لە سەرجەم پارێزگاکان تاوەکو ئێستا 63 بنکە و 193 ئامێری ATM بۆ ڕاکێشانی پارە دانراون. بەجۆرێک، مووچەخۆرانی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی 56 بنکە و 164 ئامێری ATM ، لە پارێزگای سلێمانی لە ڕێگەی پێنج بنکە و 20 ئامێری ATM، لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی دوو بنکە و نۆ ئامێری ATM دەتوانن مووچەی مانگی تەممووز وەربگرن.
مووچەخۆران دەتوانن لە رێگەی ئەم بەستەرە ناونیشانی سەرجەم بنکە و ئامێرەکانی ATM بە ئاسانترین شێوە بدۆزنەوە.
هەروەها سەرجەم مووچەخۆران لە کاتی سەردانیکردنی ئامێرەکانی ATM لەلایەن بریکارەکانی پڕۆژەی هەژماری من پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕاکێشانی پارەکانیان یارمەتیدەر دەبن. هاوکات، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من بکەن لە رێگەی ژمارە 1991 بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە سەر ئامێرەکانی ATM.