دەستپاکیی هەرێمی کوردستان: عێراق لە نێوان 25 وڵاتی گەندەڵی جیهاندایە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێکخراوی شەفافیەت، عێراق لە نێوان 25 وڵاتی گەندەڵی جیهاندایە.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەم ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ستراتیژیی ڕووبەڕبوونەوەی گەندەڵی، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ستراتیجی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پلانێکی گشتیگیر و هەمە لایەنەیە، سەرجەم سێکتەرەکان بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەرکەکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕاپۆرتانەی ئێستا هەیە، هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و بەرهەمی هاوکاری سەرجەم دامەزراوەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە 63%ـی ئەرکەکان کە چێبەجێکراوە هەنگاوێکی باش و دڵخۆشکەرە. هەروەها یەکەم ڕاپۆرتە لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیجیەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بڵاو دەکرێتەوە.

ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کرد، بەداخەوە سەرەڕای باشتربوونی دۆخی عێراق، ئەو وڵاتە هێشتا لە ڕیزبەندی وڵاتە گەندەڵەکاندایە، کە بەپێی ڕێکخراوی شەفافیەت، عێراق لە نێوان 25 وڵاتی گەندەڵی جیهاندایە.

ڕاشیگەیاند،  بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییەش پێویستی بە کاری هاوبەش و هەماهەنگی هەموو دەسەڵاتەکان دەکات، کە پێویستە بەیەک تیم کاربکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردە ترسناکە، دیارە ئەو پۆلێنکردنەش بۆ سەرجەم عێراقە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لەسەر داوای هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی 'یو ئێن دی پی' بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی شەفافیەت لە ئاستی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. داواکاریشین سەرجەم دامودەزگاکان هاوکاری ئەو تیمە بن.

خەختیشی کردەوە دوای یەک ساڵ کارکردنی ئەوتیمە ڕاپۆرتەکە بڵاو دەکرێتەوە کە ئەمەش دەبێتە دەست پێکێکی باش لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوە، هەروەها پاڵپشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی چکسازی گشتگیرو هەمەلایەنە، کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کۆڵەگەیەکی گرنگە لەو پرۆسەیەدا.

ئەحمەد ئەنوەر، باسی لەوەش کرد، داڕشتنی ستراتیجیەتی نیشتیمانی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، کە ئەو پرۆسەیە هەمەلایەنەیە و پێویستی بە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، واتە بەبێ هەماهەنگی هەمەلایەنە ناتوانێت سنوورێک بۆ گەندەڵی دابنرێت، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک خاڵی گرنگ هەن کە پێویستە جەختیان لێبکەینەوە بۆ پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

کە یەکەمیان، چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی یاسا ناوخۆییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.

دووەم، پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە کاروچالاکیە حکوومیەکان، لەوانەش گرێبەست و کەمکردنەوە و بودجەی گشتی ساڵانە و ڕوونکردنەوەیان بۆ ڕای گشتی.

سێیەم، چالاکردنی سیستەمی چاودێری توند بۆ کاروچالاکی حکوومەت و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی بەخێرایی. هەروەها بوونی دەزگایەکی چاودێری کارای دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری.