بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن بازاڕی پەڕاوگەکان گەرم بووە
چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ دەست پێ کردنی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە بازاڕی پەڕاوگەکان گەرمە و قوتابیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان ڕوو لە پێشانگە و فرۆشگاکان دەکەن، زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
مۆدێلی پەڕاوى جۆراوجۆر جانتا، پێنووس، قەڵەمدار قەڵەم جافیان نمایش کردووە بۆ کڕیاران، وەرزى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکانە بازارى پەڕاوگەکان جوڵەى تێکەوتووە.
محەممەد سیروان، خاوەن پەڕاوگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زۆربەی خیزانەکان کە دێن بۆ فرۆشگەکان، چونکە دەزانن سەنتەرەکان پێداویستی نوێی قوتابخانەیان هێناوە، ئەگەر تۆزێک درەنگتر سەردان بکەن ئەگەری هەیە ئەو پێداویستییە نوێیانەیان بەرنەکەوێت.
لە هەرێمی كوردستان هیچ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پێویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان نییە، بۆیە 90%ـی كەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەكان لە چین هاوردە دەكرێن، 10%یشی لە ئێران، تایلەند، ژاپۆن، هیندستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیمارات و توركیا، بەچەند هەفتەیەکیش پێش کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان پەڕاوگەکان داشکان ئەنجام دەدەن بۆ راکێشانى کڕیار
هاوردەوناردنکاران دەڵێن، ئەگەر کارگەی ناوخۆمان هەبێت ئەوانیش کەمتر هاوردەى کەرەستەى پەڕاوگە دەکەن لەدەرەوە.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکى گشتى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کارگەمان هەیە جانتای قوتابخانە دابین دەکات، بەڵام پێداویستییەکانی دیکە هەمووی لەدەرەوە دێتە ناوەوە، گوتیشی: ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و عێراقیش وڵاتێکی بەکاربەرین، بۆیە زۆرجار داوامان کردووە کارگە لەبوارە جیاجیاکان دابنرێت، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لە هەرێمی کوردستان پێداوستییەکان دابین بکەین.
کاڵاکانی قوتابخانە بە باشترین کوالێتی و گونجاوترین نرخ پێشکەشی قوتابیان دەکرێت، ئەو نرخەی دانراوە نزیکە لە کوالێتییەکەی کەلوپەلەکان لە ئێران و چینەوە لەسەر داواکاریی و دیزاینی خاوەن پەڕاوگەکان دەبێت کەبە باشترین کوالێتی هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن.