مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنێن
مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای سلێمانی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنێن، پێیان وایە بڕیارەكە قۆناغێكی گرنگ دەبێت بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان.
لە ماوەكانی ڕابردوودا پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی و دەركردنی بەیاننامەی لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژ تێدا کراوە، دەركردنی بڕیاری دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت بۆ باشتركردنی دۆخی مامۆستایان و دەستەبەرکردنی مافەكانیان.
محەمەد كەمال، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ وەزیری پەروەردەش دانیشتووین کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆمەڵێک ڕێنمایی دەردەکەن کە پارەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراو لەیەک کات و ڕۆژدا دابەش دەکرێت، هەروەها کارتی بانکیش بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەردەهێنرێت، کە بەدەستکەوتی دەزانم لەو قۆناغەدا.
مامۆستایانی وانەبێژ بۆ داواكاری و جێ بەجێكردنی مافەكانیان لە ماوەكانی ڕابردوودا، چەندین جار سەردانی بەغدایان كردو لەگەڵ بەشێك لەلایەن و نوێنەرانی حكومەت كۆبوونەوە، بەڵام هیچ ئەنجام و دەستكەوتێكی نەبوو، وەكو خۆشیان ئاماژەی پێدەكان بەغدا لەتەواوی ڕاگەیەندراوەكانیاندا جەختیان لەوە كردووەتەوە ناتوانن هیچ بڕیارێك بۆ مامۆستایان بدەن و بێ هیوایان كردوون.
بەڵام بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستكەوتێكی گرنگ دادەنێن بۆ جێ بەجێکردنی ئەو داواكاریانەی چەندین ساڵە هەیانە.
جەزا شێخانی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ گوتی: سەرلەبەری ئەو نووسراوانەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ شتێک بۆ مامۆستایان بکەن، کە بەشێک لە نوێنەرانی ئێمە پێشتر سەردانی بەغدایان کردووە و گوتیانە هیچمان دەست نەکەوتووە. بۆیە بڕیارەکە بڕیارێکی دروست و دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە چوارچێوەی پەروەردە پەیوەندیمان بە سیاسیەتەوە نییە، بەڵام کۆمەڵێک کەناڵ و ڕؤژنامەنووس ئەو دەستکەوتە بەلاڕێدا دەبەن، بۆیە دەڵێم سەد جار پیرۆزمان بێت و ئەمە دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە چەند ساڵی ڕابردودا مامۆستایانی وانەبێژ كەم ڕێگا هەبووە نەیگرنەبەر، بۆ جێ بەجێكردنی مافەكانیان ئەمە جگەلەوەی چەندین مانگیش بایكۆت و خۆپیشاندانیان كردوەو ڕێگایەك بۆ داواكاری مافەكانیان، جێ بەجێ كردنی داواكاریەكانیان لەلایەن سەرۆكی حكومەت بەهەنگاوێكی گرنگ بۆ دۆخی مامۆستایان دادەنرێت.