هەنگاوێکی دیکەی عێراق لە هەڵمەتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026
سبەی پێنجشەممە رێکەوتی 5ی ئەیلولی 2024، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی نێودەوڵەتی بەسڕە میوانداریی هەڵبژاردەی عومان دەکات.
یارییەکەی عێراق و عومان لەمیانی گەڕی یەکەمی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتنە بە مۆندیالی 2026 و فیکەی دەستپێکردنی یارییەکە لە کاتژمێر (19:00) دەبێت.
ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە مێژوویاندا 27 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، لە 11 یارییدا عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 11 یارییشدا یەکسان بوونە، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی عومان لە 5 یارییدا لە عێراقی بردووەتەوە.
بۆ یارییەکەی بەرامبەر عومان، کاساسی راهێنەری عێراق بانگهێشتی 26 یاریزانی کردووە، تێیدا چوار یاریزانی کورد دەبینرێن کە بریتین لە (میرخاس دۆسکی، ئوسامە رەشید، رێبین سۆاقا و یوسف ئەمین)
کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەم هەڵبژاردانە پێکهاتووە:
- عومان
- کۆریای باشوور
- فەڵەستین
- ئوردن
- کوێت
- عێراق
قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا لە 18 هەڵبژاردە پێکهاتووە و بەسەر 3 کۆمەڵە دابەشکراون، هەر کۆمەڵەیەک لە 6 هەڵبژاردە پێکهاتووە و بەشێوازی خول لە دوو قۆناغدا رکابەری دەکەن، یارییەکانیش لە نێوان مانگی سێپتێمبەری 2024 تاکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
دوو هەڵبژاردەی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، دوو هەڵبژاردەی دیکەش دەچنە قۆناغی چوارەم و لە رێگەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان سەردەکەون، ئەگەریش هەیە ئاسیا بە 9 هەڵبژاردە بەشداریی لە مۆندیال بکات ئەگەر بگاتە قۆناغی پێنجەم و پاشکۆی جیهانی.