مەسرور بارزانی: هەندێک لایەن دژایەتیی هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییان کردووە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، هەندێک لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان، "دژایەتیی سیستەماتیکی هەوڵەکانی حکوومەتەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە".

چوارشەممە، 04-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی؛ لە گوتارێکدا باسی لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەو لایەنانە کرد کە بەربەست لە بەردەم هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکەن.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران، "ئێمە خواست و ئیرادەیەکی بەهێزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت و دادگاکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە هەماهەنگیی و هاریکاری و پشتیوانیی گشت هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی پەروەردە و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی گەندەڵی بگێڕن".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت، حکوومەت، دادگاکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، "پێکەوە کار لەسەر پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی بکەین"

 

 

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی باسی کرد، "هەرچەندە بەشێک لە گرفتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی، دەست تێوەردان و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان بووە کە نەک هاوکار نەبوون، بەڵکوو هەندێک لایەن دژایەتی سیستەماتیکی هەوڵەکانی حکوومەتەیان کردووە".

سەرۆکی حکوومەت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دڵنیا کردەوە، "سەرەڕای هەموو کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە بە گوڕ و تین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە، بەردەوام دەبین لە سەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، "ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانانی سامانی گشتی، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە کاری جددیمان کردووە و ڕێکاری پێویستیمان گرتەبەر لە پێناو پەرەپێدانی شەفافییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی".


دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەم بەستەرەدا بخوێنەوە