دانیشتوانی پارێزگای واست: حکوومەتی عێراق لە بەرهەمهێنانی کارەبادا شکستی هێناوە

دۆخی کارەبا لە پارێزگای واست وەک دانیشتووانەکەی دەڵێن هەرەسیهێناوە، سەبارەت ئەوەی چەند وێستەگەیەکی گەورەی کارەبا لەسنووری پارێزگاکەدا هەن، بەڵام خەڵک سێ کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت و دواتر لێیان دەبڕدرێت.

بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکەش دەڵێن؛ وەزارەتی کارەبا و حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسی سەرەکین لە قەیرانی کارەبا لە پارێزگاکە، چونکە دەیان جار نووسراویان کردووە بەڵام گوێیان لێنەگرتوون.

دانیشتووانی واست دروشم دژی قەیرانی کارەبا دەڵێنەوە، قەیرانێک کەلەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی ئەم پارێزگایەی زۆر توڕەکردووە.

لەگەڵ ئەوەی گەرمای بەهێز تینی بۆ پارێزگای واست هێناوە، کارەباش بۆ ماوەیەکی دووروودرێژ دەپچڕێت.

هاووڵاتییەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەگوترێت عاشقی کارەبا مەبە، چونکە نامێنێتەوە و دەڕوات، بەڕاستی قەیرانی کارەبا زۆر ئازاری داوین و خەممان پێوە خواردووە، پێموابێت حکوومەتی ناوەندیش ناتوانێت چارەی قەیرانی کارەبا بکات، کەس دەسەڵاتی بەسەریدا ناشکێت، چونکە کارەبا لەدەستی تایبەتدایە. گەیشتووینەتە دۆخی نائومێدی.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: وابزانم لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 100 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، هەر وەزیرێک دێت کۆمەڵێک بەڵێن دەدات کە کارەبا بەرەو باشتربوون دەبات، بەڵام دۆخەکە هەر خراپتر دەبێت. پێشتر کاتژمێرێک دەهات و دوان دەبڕا، بەڵام ئێستە سێ کاتژمێر دێت و نزیکەی چوار کاتژمێر دەبڕێت.

حکوومەتی خۆجێی واست وەزارەتی کارەبا تۆمەتبار دەکات بە پچڕانی بەردەوامی کارەبا، داواش دەکەن بەشە کارەبای پارێزگاکە زیاد بکەن لەو وێستگەکانی واست کە نزیکەی دوو هەزار و 400 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت.

ڕەحمان دەلفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، ئەوەی لەتواناماندایە چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی بەشەکارەبای زیاتر، بەڵام بەرپرسیارێتییەکە لەدەست وەزارەتی کارەبای فیدراڵی و ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

هاووڵاتییانی پارێزگای واست دەپرسن؛ حکوومەتی ناوەندی دەیان بەڵێنی بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا داوە، بەڵام تەنها قسەبوون، لەباری راستی کارەبا هیچ شتێک لەحاڵی هاووڵاتییان نەگۆڕاوە.