وڵاتێکی ئەفریقایی بۆ دابینکردنی خۆراکی دانیشتووان زیاتر لە 700 ئاژەڵی کێوی سەردەبڕێت

وەزارەتی ژینگەی نامیبیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە سەربڕینی زیاتر لە 700 ئاژەڵی کێوی، کە لە ڕەگەزی جیاواز وەکو فیل و گامێش و گوێدرێژی کێوی 'زێبرا' و ئەسپی ئاوی، بۆ ئەوەی دانیشتووانەکەی لە گۆشتەکەی بخۆن، چونکە بەدەست برسێتی و وشکەساڵی گیرۆدەن.

هەفتەی ڕابردوو حکوومەت ڕایگەیاند، نزیکەی 160 ئاژەڵ سەربڕدراون وەک بەشێک لەو ڕێوشوێنە، کە جگە لە دابینکردنی گۆشت بۆ هەزاران کەس، کەمکردنەوەی فشاریشە لەسەر سامانی ئاژەڵ و لەوەڕگاکان کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕاوچییە پیشەگەرەکان 30 ئەسپی ئاوی و 83 فیل و 60 گامێشیان کوشت و 100 گامێشی شینی کێوی و 300 زێبرا و 100 ئێلاند و 50 ئاسک. کە زۆربەی ئەم ئاژەڵانە لە پارکە نەتەوەییە پارێزراوەکانی وڵاتدا دەژین.

دوێنی سێشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی نامیبیا ڕۆمیۆ مویوندا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لانی کەم لەو 723 ئاژەڵە 157یان سەربڕدراون.

ڕاشیگەیاند "بە سەربڕینی یەکەمین 157 ئاژەڵ  "56 هەزار و 875 کیلۆگرام گۆشت دابین کراوە".

گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە شێوەیەکی بەردەوام بکەین و لە هەمان کاتدا دۆخە ناخۆشەکە کەم بکەینەوە، هەروەها دەبێت ئەو ئاژەڵانەی کە پێویستە ڕاو بکرێن، جیا بکەینەوە."

بەگوێرەی قەدەغەکردنی بازرگانیی عاجی فیل لە جیهاندا، عاجی فیلە سەربڕاوەکان لە کۆگاکانی حکوومەت هەڵدەگیرێن.

نامیبیا لە مانگی ئایاردا باری نائاسایی ڕاگەیاند بەهۆی وشکەساڵی کە کاریگەری لەسەر ژمارەیەک لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا هەبووە.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە نزیکەی 1.4 ملیۆن نامیبی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانن بە دەست خراپیی خۆراکەوە گیرۆدەن، هەروەها بەرهەمی دانەوێڵە بە ڕێژەی لەسەدا 53  دابەزیوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانیش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەسەدا 70 دابەزیوە.