ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی دووەم کۆنسێرتی ساڵ پێشکەش دەکات
بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2024 دا ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی، بە بەشداریی ژمارەیەک لە دیارترین میوزیسیانانی سلێمانی و بەڕابەری د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە، کۆنسێرتێکی میوزیکی پێشکەش دەکات.
هەردی مەجید، یاریدەدەری مایسترۆ و ژەنیاری ڤیۆلا لە ئۆركێسترای سیمفۆنی سلێمانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: كۆنسێرتی ئەمجارەمان لە هەندێ ڕووەوە جیاوازە لە کۆنسێرتی پێشوومان، هەم لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکان و ھەم لە ڕووی قەبارەی ئۆرکێستراکەوە.
سەبارەت بە بەرهەمەکانیش، هەردی مەجید ڕایگەیاند: بەرهەمەکانی ئەمجارە تێکەڵەیەکە لە بەرهەمی میوزیكدانەرە جیھانییەكان و كارێكی کوردی، كە مامۆستا ئاكۆ عەزیز نووسیویەتی و تەنها لەو بەرهەمەشدا ئامێرە فوودارەکان بەشداری دەکەن كە منداڵیکی بەهرەمەند بە ناوی (شوان ڕزگار ئاغا) بە سۆڵۆی ئامێری ڤایۆلین بەشدارە و تواناکانی خۆی نیشان دەدات.
بڕیارە سبەینێ، پێنجشەممە، کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە لە تەلاری هونەر ئەم کۆنسێرتە پێشکەش بکرێت.
یەکەمین بەرهەمی ئەمساڵی ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی ڕێكەوتی 05ـێ ئازار بەڕێوەچوو بە ڕابەرایەتی هەردی مەجید و بەشداری چەند ژەنیارێکی میوان لە وڵاتانی جۆرجیا و میسڕەوە.
ئۆرکێسترای سلێمانی ساڵانێکە لە ڕێگەی کار و چالاکییەکانیەوە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان توانیویەتی ئەزموونێکی باش لە پیشکەش کردنی میوزیکی جیھانی و میوزیکی کوردی پێشکەش بکات.