هیومان ڕایتس وۆچ دوو وڵات تۆمەتبار دەکات بەدیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووریایی
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، سوپای لوبنان و دەسەڵاتدارانی قوبرسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی پەنابەرانی سووریا بۆ ئەوروپا، یان دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سووریا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای لوبنان ڕێگریان لە پەنابەرە سوورییەکان کردووە کە دەیانویست بە بەلەم بڕۆن و لە وڵاتەکە هەڵبێن، دواتر دەستبەجێ دیپۆرتیان کردوونەتەوە بۆ سووریا.
ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، پاسەوانی کەناراوەکان و هێزە ئەمنییەکانی قوبرس "ئەو سوورییانەی کە بە بەلەم گەیشبوونە و قوبرس ڕاستەوخۆ ڕەوانەی لوبنانی کردنەوە ئەوانیش بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ شتێک پەنابەرەکانی دیپۆرتی سووریا کردەوە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، "سوپای لوبنان زۆرێک لەو کەسانەی ڕەوانەی سووریا کردەوە کە لەلایەن قوبرسەوە گەڕێندرابوونەوە لوبنان".
لوبنان خۆی نوقمی قەیرانە ئابوورییەکان بووە، هەروەها ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە چوار ملیۆن کەسە، کە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابری سووری لەو وڵاتە نیشتەجی بوون، کە کەمتر لە 800 هەزاریان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون.
دوورگەی قوبرس کە کەمتر لە 200 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی لوبنان و سووریاوە دوورە، هەمیشە وێستگەیەکی گرنگ بووە بۆ ئەو پەنابەرانەی بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن لە ئەورووپا.
لە مانگی ئایاردا لوبنان بە بەهای یەک ملیار دۆلار هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرت بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنوورە دەریایی و وشکانییەکانی، ئەمەش بەهۆی هاتنی بەلەمی پەنابەران لە لوبنانەوە بۆ قوبرس کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە.
نادیە هاردمان، لێکۆڵەری مافی پەنابەران و کۆچبەران لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: لوبنان قەدەغەکردنی بنەڕەتی گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبنەوە پێشێل دەکات، هاوکات یەکێتی ئەوروپا یارمەتی دەدات لە پێدانی تێچوونەکەی.
نادیا هاردمان، توێژەری مافەکانی پەنابەران لە هیومان ڕایتس وۆچ گوتی: "لوبنان قەدەغەکردنی بنەڕەتی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە پێشێل دەکات، لە کاتێکدا یەکێتی ئەورووپا یارمەتی دەدات بۆ دابینکردنی خەرجیەکە."
ڕێکخراوەکە لە زاری کۆنستنتینۆس ئیوانۆ وەزیری ناوخۆی قوبرسەوە ڕایگەیاندووە، "لە ساڵی 2020دا قوبرس و لوبنان ڕێکەوتنی هاوبەشی خۆیان دووپاتکردەوە سەبارەت بەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی بەزاندنی دەریا دەدەن لە لوبنانەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند حاڵەتێک هەبووە کە بەلەمەکان ڕێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ لوبنان ئەمەش بەهۆی ڕێزگرتن بووە لە ڕێککەوتنەکەیان".
قوبرس لە مانگی ئایاری رابردوودا ڕایگەیاند، لانیکەم هەشت وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا دەیانەوێت ناوچەی ئارام لە هەندێک ناوچەی سووریا دروست بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدەن، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی سووریا هێشتا سەلامەت نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.