پرۆژەی بە مۆزەخانەکردنی قەڵای نزارکێ لە دهۆک بەردەوامە

K24 – هەولێر:

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، پرۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوودا دەبێتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی گەورە، کە گوزارشت لە نەهامەتییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان دەکات.

چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەردانی پرۆژەی بە مۆزەخانەکردنی قەڵای نزارکێی لە ناوەندی شاری دهۆک کرد.

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، پرۆژەکە بە سێ قوناغ جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوودا دەبێتە مۆزەخانەیەکی نیشتیمانیی گەورە، کە گوزارشت لە ناخۆشی و نەهامەتییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی بادینان دەکات کە ساڵی 1988 بە دەستی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، بەرانبەریان کرا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "ئێستە قوناغی یەکەمی پرۆژەکە کۆتایی هاتووە و بۆ لەمەودوا، کارکردن لە قۆناغی دووەم و سێیەم دەست پێ دەکات، تا بکرێتە مۆزەخانەیەکی گەورە".

پرۆژەی بە مۆزەخانەکەردنی قەڵای نزارکێ لە سەر بودجەی پارێزگای دهۆک بە گوژمەی یەک ملیار و 271 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، هەروەها هەوڵ دەدرێت بەڵگەنامەکانی ئەنفالی بادینان لە مۆزەخانەکەدا بپارێزرێت.

قەڵای نزارکێ، لە ساڵی 1985 وەکو قەڵایەکی سەربازیی لە دهۆک دروست کرا، لە شاڵاوی ئەنفالدا زۆرترین کەسی تێدا ئەشکەنجە دراوە و زیاتر لە سێ هەزار کەس لەو قەڵایەوە بزر کراون، بەشێکیشیان ڕەوانەی بیابانەکانی خوارووی عێراق کران و لەوێ لەناوبران.