شارەوانیی سلێمانی پارچە زەوییەکان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە دەکات
ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی، زەوی هەر سێ ناوچەی (شاری لاوان، فەرمانبەران و سۆتکە)ـی پەسەند کرد بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.
ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوار شەممە4ـی ئەیلوولی 2024، دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن کرد.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەندامانی ئەنجوومەندا، هەر سێ پێگەی زەوی ( شاری لاوان، فەرمانبەران و سۆتكە) یان پەسەند كرد، بەمەبەستی ئامادەكردن و دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەراندا، دواتر چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی تاووتوێ كران بەمەبەستی زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
پاشان كارنامەی دانیشتنەكە خرایە گفتوگۆ كە چەند بڕیارێك ئیمزا کرا و پەسەند كران، هەروەها چەندین مامەڵەی هاووڵاتیان و وەبەرهێنان بە ئامادەبوونی نوێنەریان تاووتوێ كران و گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، دوای وەرگرتنی داواكارییەكانیان لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەوە، بڕیاری پێویستیان لەسەر درا بەپێی یاساو ڕێنماییە هونەرییەكان.
لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەران، هەر لەسەر ئەم بڕیارە، وەزارەتی شارەوانیی لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی بەکارەکانی کردووە بۆ تەرخانکردنی زەوی پێویست لە سنووری شارەوانییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هەر لەم بارەوە، پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، کە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران گرنگە، چونکە لە ساڵی 2006ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ هاووڵاتییان کە دۆخی ناهەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.