بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم: 15 پێگەی شوێنەواریی لە هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێنەوە
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم ئاشکرای دەکات، ئێستە 15 پێگەی شوێنەواریی لە هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێنەوە.
چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، کەیفی موستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکانی ڕواندوز، نووسراوی تایبەتمان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە، بۆ چاودێریی ئەو خانووە کەلەپوورییانە. دەڵێت: پێویستە ئەو پێگە کەلەپوورییانە بوودجەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان دابین بکرێت.
گوتی: لێژنەیەکی تایبەت پێک هاتووە بۆ دەستنیشانکردنی پێگە کەلەپوورییەکان و کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی شوێنە کەلەپوورییەکان دەکرێت.
هەروا داوای کرد کەبوودجەیەکی تایبەت تەرخان بۆ ئەو ناوچە شوینەوارییانە تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی بکرێنە ناوچەیەکی گەشتیاریی.
ئاماژەی بەوە کرد کە قەڵای شێروانە لە کەلار، مزگەوتی کۆنی خورماڵ، قزقاپان لە سلێمانی و دۆڵی شاورێ لە ڕاپەڕین، هەروەها لە کۆیە و هەولێر قەڵای بانەمان، ئەشکەوتی بەستوون، ئەشکەوتی شانەدەر، هاوکات شارۆچکەی ئاکرێ بەشێوەیەکی گشتی، لە دهۆک و زاخۆ و ئامێدی پێگەکان دەستنیشان کراون و کاریان لەسەر دەکرێت.
گوتی: هەرچەند ناوچە شوێنەوارییەکان زۆرن و گۆڕانییان تێ دەکەوێت، بەڵام لە ئێستادا 15 ناوچە دەستنیشان کراون بۆ نۆژەنکردنەوە. ئەو کارانە بە هاوبەشی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و گەشتوگوزار و شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی شارەکان جێبەجێ دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم ئاشکرای کرد کە، پێشتر شاندێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواریان کرد و ڕایانگەیاند: کۆمەڵێک پارچە شوێنەواریی لای ئەوان هەیە و دەیانەوێت بۆیان بگەڕێننەوە، دەڵێت: بۆمان دەرکەوت پارچە شوێنەوارییەکان موڵکی هەرێمی کوردستان نییە.