کۆبوونەوەیەک لە بەغدا: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ وشکەساڵی و کەمبارانی ناوچەکە بگرێتەوە

بەشداریی شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
بەشداریی شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا بەشداریی کۆبوونەویەکی تایبەت بە دانانی پلانی داچاندنی گەنم دەکات، کۆبوونەوەکە پێشبینی دەکات ئەمساڵ وشکەساڵی و کەمبارانی ناوچەکە بگرێتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024،  شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتەکە و راوێژکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون، بەشداریی کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی فیدراڵ کرد، کە لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ، وەزیرانی هەردوو وەزارەتی ناوبراو و بریکارانی هەردوو وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار ئامادەبوون بۆ گفتوگۆ لەبارەی بابەتی دانانی پلانی زستانەی چاندنی بەرهەمی کشتوکاڵی، بەتایبەتی گەنم.

وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات "کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە چۆنیەتی چاندنی گەنم و پێشکەش کردنی پلانی داچاندنی گەنم بەر لەوەی جووتیاران دەست بە چاندنی گەنم بکەن. لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەچەند خاڵێکی گرنگ کرا، وەک گۆڕانی کەش و هەوا و،  هەروەها ڕادەی باران بۆ چاندنی گەنم بەپێی ئەو ڕێژەیەی باران بۆ چاندنی گەنم و بەپێی ئەو داهاتە ئاوییەی کە هەیە، چونکە عێراق بە دۆخێکی خراپی کەش و هەوادا تێدەپەڕێت، پێشبنیش دەکرێت ئەم گۆڕانانەی کەش و هەوا، بەتایبەتی بابەتی وشەکەساڵی و کەمبارانی ئەم ساڵ سەرتاسەری ناوچەکە بگرێتەوە و بەهەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێشەوە".

هەر لە کۆبونەوەیەدا بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەرمەند نەبن لەسەرتاسەری عێراق، جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی جووتیاران بەیەک پلان و بەرنامە، چاندنی گەنم و بەرنامەی زستانە دابنێرێت، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت کرایەوە لەسەر دارشتنی پلانێکی گشتگیر بە پێی  بەرنامەیەکی زانستی دەربارەی چاندنی گەنم.

لە کۆبونەوەکەدا کار لەسەر دوو بابەت کرا  کە بەپێی داهاتی ئاوی و بەپێی بوونی بودجەی پێویست، کار لەسەر وەرگرتنەوەی گەنم بکرێت، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاسپێردرا لەماوەی یەک هەفتە پلانی خۆی ئامادە بکات و لەگەڵ تیمی هونەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دابنیشێت و بەرنامەو پلانی تیمی هونەری وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادە بێت و ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بکرێت.