وەزارەتی خوێندنی باڵا گشتاندنێک لەبارەى دامەزراندنى وانەبێژان دەردەکات
K24 – هەولێر:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گشتاندنێکی لەبارەى دامەزراندنى مامۆستایانی وانەبێژ دەرکرد، کە سەرجەم ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە کە لە ساڵانی خوێندنی (2019 -2020) تاوەکوو (2023 -2024) وانەبێژ بوون لە زانکۆ دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان کە ئەمڕۆ (4/ 9/ 2024) دەرچووە، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى وانەبێژان سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ساڵانى خوێندنى (2019-2020) تاوەکوو (2023-2024) وانەبێژ بوون لە زانکۆ و دامەزراوەکانى دیکەى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، پێویستە بەڵگەنامەى پێویست هەبێت کە بیسەلمێنێت ناوبراوان بە کردارەکى وانەبێژ بوون لە زانکۆکان، واتە (پارەی وەرگرتبێت یان ناوى لە خشتەى وانە وتنەوەدا هەبێت یاخود فەرمانى زانکۆیی هەبێت) بە پێچەوانەوە هەر ناوێک وەک وانەبێژ بۆ وەزارەت بنێرن و مەرج و خاڵەکانى ئاماژە پێکراوى تێدا نەبێت لێپێچینەوەى یاسایییان لەگەڵدا دەکرێت.
لە کۆتای گشتاندنەکەدا باس لەوە کراوە "سەرجەم ئەو ناوانەى کە زانکۆکان بۆ وەزارت ناردوویانە یاخود ئامادە کراون بۆ ئەوەى بینێرن، لەسەر بنەماى ناوەرۆکى گشتاندنەکە پێداچوونەوە و وردبینى بۆ بکرێت تاوەکوو کۆتاى دەوامى رۆژى دووشەممەى داهاتوو وەک دوا وادە بەدەست وەزارەت بگات بۆ ئەوەى کارى پێویست بکرێت، بۆیە هەر زانکۆیەک ناوەکان تا ئەو ڕێکەوتە نەنێرێت وانەبێژانی بێ بەش دەبن و کاریان لەسەر ناکرێت".
رۆژى سێشەممەى داهاتوو (10/ 9/ 2024) لێژنەی وردبینی لە وەزارەت دەست بە وردبینی ناوى وانەبێژان دەکات و لیستى ناوەکان یەک دەخات.