هەولێر...پەردە لەسەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر میرێلا گالێتی لا درا
بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی کونسڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، پەردەی لەسەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر میرێلا گالێتی لا دا.
پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ، چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و مێکێلێ کامێرۆتا، کونسڵى گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر و نوێنەرانی بنەماڵە و کەس و کارەکەی، لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی کونسڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی، پەردەی لە سەر پەیکەرى دۆستى کورد پڕۆفیسۆر "میرێلا گالێتی" لادا.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا پاش ئەوەی بەخێرهێنانی خانەوادەی میرێلا گالێتی، گوتی : ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەشکۆ و شانازییەوە پەردە لە سەر پەیکەری دۆستێکی ئازیز و خۆشەویستی گەلەکەمان لا دەدرێت، کچێکی گەنج، کە لە 70 کانی سەدەی ڕابردوو هاتۆتە کوردستان و ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە بارەی ژیان و داب و نەریت و مێژووی گەلەکەمان و یەکێک بووە لە ئەندامانی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس و لە ڕۆژە سەختەکانیش لە نێو شۆڕش و خەباتی گەلەکەمان لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەمان ژیاوە. ئەوەی ئەمڕۆش بۆ ئەو دۆستە ئازیز و خۆشەویستەمان کراوە، ڕێز و وەفای حکوومەتی هەرێمی کوردستانە دەرهەق بە هەوڵ و کۆشش و کار و بەرهەمەکانی.
پارێزگاری هەولێر لە بارەی دانانی پەیکەرەکەش لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەدا، ئامانج بە زیندوو هێشتنەوە و بینینی ئەو خانمەیە کە ڕۆژانە هاوڵاتییان و گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی سەردانی دەکەن.
جێگەی باسە، دۆستى کورد پڕۆفیسۆر میرێلا گالێتی ساڵی 1949 لە ئیتاڵیا لەدایکبووە و بەشێکی زۆری کار و بەرهەم و ژیانی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی لەسەر کورد و کوردستان بووە، لە 4ـی ئەیلوولی ساڵی 2012، لە شاری ڕۆما کۆچی دوایی کردووە.