تۆماس سیله‌ر: پاڵپشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق
تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دەخوازێت بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هاوسەنگی بەڕێوە بچێت. هاوکات دەڵێت: پاڵپشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین. 

تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەمڕۆ لە هەولێر ئینڤێنتێکی زۆر باش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڕێوە چوو، هەروەها جەنگی دژی گەندەڵیی پاڵپشتی یەکێتیی ئەورووپای هەیە.

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق، باسی لەوە کرد: پێویستە ڕووبەڕووی خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتیی ببنەوە، هەروەها گەندەڵی لەبەردەم پێشکەوتنی کەرتی تایبەت ڕێگرە و پێویستە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە کەشێکی ئازاد و پیشەیی کار بکەن.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، ناوبراو دەڵێت: ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باڵای دەرئەنجامەکانە و ئێمە ئەزموونی خۆمان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵدا بەش دەکەین، هەروەها هەردوو لایەنی دەستەکانی دەستپاکیی هەرێم و بەغدا پێکەوە کار دەکەن.

هاوکات گوتیشی: پێویستە هەرێم و بەغدا پێشڕەوی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی بکەن و پێویستە باوەڕ بە هاووڵاتییان بهێنرێت جەنگی گەندەڵیی لەئارادایە، چونکە دەستگەیشتن بە زانیارییەکان مافی هاووڵاتییانە. جەختی لەوە کردەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەرکی کۆمەڵگەی شارستانیی و ڕاگەیاندنیشە.

تۆماس سیله‌ر، ڕایگەیاند: دامەزراوەی پەروەردەییەکان دەتوانن ڕۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەبێت، هەروەها هەرگیز بۆ سەرکەوتن بەسەر گەندەڵیدا درەنگ نییە "ئێمەش لە یەکێتی ئەورووپا بەدەرنین لە گەندەڵی". سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، وەستاندنی گەندەڵیی بە سزادانی گەندەڵکاران دەکرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ڕێکارە یاساییەکان توندوتۆڵ بکرێن بۆ سزادانی گەندەڵکاران. گوتیشی: ئامادەین ئەزموونی خۆمان لەگەڵ عێراق بەش بکەین.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق، ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، هەروەها ئێمە پاڵپشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین. باسی لەوەش کرد، دەخوازین بانگەشەی هەڵبژاردن بە هاوسەنگی بەڕێوە بچێت.

ناوبراو باسی لە یاسای باری کەسێتی لە عێراق کرد و دووپاتی کردەوە، چاودێریی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن و نابێت بە هەست و سۆز قسە لەسەر یاسای باری کەسێتی بکرێت، هەورەها دەبێت عێراق پابەندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بێت.

سەبارەت بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق، تۆماس سیله‌ر، دەڵێت: عێراق لە ژێر تەوژمێکی فراوانی ماددەی هۆشبەرە. هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەركی خێزانەکانە و پەروەردەش ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەیە.