ئیتالیا؛ بەلەمێکی پەنابەران نقوم بوو و 20 کەسیان بزرن
فەرمانگەی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: 20 کۆچبەر بزر بوون پاش ئەوەی بەلەمەکەیان لە دەریای سپی ناوەڕاست لە نزیک دوورگەی لامپیدوزای ئیتالی نقوم بوو.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران چیارا کاردۆلێتی گوتی: 20 کەس لە دەریای ناوەڕاست بێسەروشوێن بوون پاش ئەوەی بەلەمێک لە 1ـی ئەیلوولدا نقوم بوو، ئەو حەوت ڕزگاربووەی تیمەکەمان لە لامپیدوسا ڕزگاریان کردوون، لە دۆخێکی سەختدان، زۆربەیان کەسوکاریان لەدەست داوە.
میدیاکانی ئیتاڵیا دەڵێن 21 کەس بێسەروشوێنن کە سێ منداڵیان تێدایە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتالیاش کە هەندێ لە کۆچبەرەکانیان ڕزگاریان کردووە، دەڵێن: پەنابەرەکانی لەنێو بەلەمەکەدان خەڵکی سووریان.
بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 3000 کۆچبەر دوای ئەوەی هەوڵیان دا لە دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە، بزر بوونە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی هاتنی پەنابەران لەڕێگەی دەریا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لە نێوان 1ی کانوونی دووەم تا 4ی ئەیلوول 43 هەزار و 61 کەس گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 کە 115177 کەس بوون.
دووشەممە، (17ـی حوزەیرانی 2024)، مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن، بزر بوونە.
ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندیدایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان بیکات.