ناوی مێسی و رۆناڵدۆ لە لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆر نییە

خەڵاتی باڵۆن دۆر
خەڵاتی باڵۆن دۆر

ناوی بەربژێرانی خەڵاتی باڵۆندۆری 2024ی بڵاوکرایەوە و یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2003ـەوە ناوی مێسی و رۆناڵدۆ لە لیستەکەدا نییە.

گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ناوی 30 یاریزانی وەك بەربژێری خەڵاتی باڵۆن دۆر بڵاوکردەوە و ئەمساڵ هەشت خەڵاتی جیاواز بەسەر باشترینەکان دابەشدەکەن.

30 بەربژێرەکەی خەڵاتی باڵۆن دۆر
30 بەربژێرەکەی خەڵاتی باڵۆن دۆر

خەڵاتی باشترینەکانی ساڵی 2024 جیاوازە و یەکەمجارە باشترین راهێنەری تۆپی پێی پیاوان و ئافرەتان هەڵدەبژێردرێن.

لەسەر ئاستی پیاوان هەریەکە لە ( دیلافیۆنتی راهێنەری ئیسپانیا، ئانچێلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید، ئالۆنسۆ راهێنەری بایەرلیڤەرکوزن، گاسپرینی راهێنەری ئاتالانتا، سکالۆنی راهێنەری ئەرجەنتین و گواردیۆلای راهێنەری مان سیتی) کێبڕکێی باشترین راهێنەرانی ساڵی 2024 دەکەن.

بەربژێرانی باشترین راهێنەری 2024
بەربژێرانی باشترین راهێنەری 2024

چەند گۆڵپارێزێکیش کێبڕکێی باشترینی ساڵی 2024 دەکەن کە دیارترینیان (مارتینێزی گۆڵپارێزی ئاستۆن ڤیلا، لونینی گۆڵپاریزی ریاڵ مەدید، سومەری گۆڵپارێزی ئینتەرمیلان و دونا رۆمای گۆڵپارێزی پاریس سانجێرمان)ن.

بەربژێرانی باشترین گۆڵپارێزی 2024
بەربژێرانی باشترین گۆڵپارێزی 2024

گۆڤارەکە ناوی بەربژێرانی باشترین یاریزانی لاوی بڵاوکردەوە و هەریەك لە یاریزانان ( یامال، گولەر، ساڤینیۆ، کوباسی و ماینوو) بەهێزترین بەربژێری بردنەوەی خەڵاتەکەن.

بەربژێرانی باشترین یاریزانی لاوی 2024
بەربژێرانی باشترین یاریزانی لاوی 2024

بەربژێرەکانی باشترینی ساڵی 2024 یانەکانیش دەگرێتەوە و (ریاڵ مەدرید و جیرۆنای ئیسپانی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بۆرووسیا دۆرتمۆند و بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی) شەڕی باشترین یانەی ساڵ دەکەن.

بەربژێرانی باشترین یانەی 2024
بەربژێرانی باشترین یانەی 2024

چەند ئامارێكی سەرنجڕاکێش لەسەر باڵۆن دۆری 2024:

-         یەکەمجارە لە ساڵی 2003ـەوە ناوی مێسی و رۆناڵدۆ لە لیستی بەربژێرانی باڵۆندۆر نییە.

-         یەکەمجارە لە ساڵی 2014ـەوە ناوی دیبرۆین لە لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆر نییە.

-         10 یاریزانی پرێمەرلیگ ناوی لە لیستی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵە.

-         ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرتری یاریزانی بەربژێری باڵۆندۆرە بە 7 یاریزان.

رۆژی 28ی مانگی 10 گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ یەکەمجار بە هاوبەشی لە پاریس خەڵاتەکان دابەشدەکەن.