یونیسێف: هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە ئامانجەکەی بە دی هێناوە
ڕێکخراوی یونیسێفی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان لە کەرتی غەززە، زیاتر لە 189 منداڵیان ڤاکسین کردووە ئەمەش لە دوای 11 مانگی شەڕ، هەنگاوێک گرنگە و ئامانجەکەی بە دی هێناوە.
یونیسێف ڕایگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 500 تیم لە ناوەڕاستی غەززە بڵاو کراونەتەوە و ڤاکسینی دژی ئیفلیجی بە منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ دەدەن.
هەروەها ئاماژەی داوە، سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لەو ناوچانەی هەڵمەتەکانیان تێدا بەڕێوە دەچێت، ئاگربەستی سنوورداریان هەبووە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ هەڵمەتەکە بکەن، یونیسێف، هیواخوازە هەڵمەتەکە فراوانتر بکرێت باکوور و باشووری کەرتەکەش بگرێتەوە و بۆ ئەوەی بتوانن 640 منداڵ ڤاکسین بکەن.
ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە لە 25 ساڵی ڕابردوودا یەکەم حاڵەتی نەخۆشی ئیفلیجی لە غەززە تۆمار کرا، منداڵێکی تەمەن 10 مانگە و قاچێکی ئیفلیجە.
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەو ناوچەیەدا کە زۆرینەی خەڵک ئاوارە بوون و برسێتیان تێدا بەر بەربڵاوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەززە، سەدان هەزار ئاوارە لە ژینگەیەکی پیسی نێو خێوەتگە کۆبوونەتەوە و لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بێبەشن و دەیان جۆرە نەخۆشی لە نێو خەڵکەکە بڵابووەتەوە.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل و کوشتنی زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی و ڕفاندنی نزیکەی 250 بارمتە، دواتر هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئیستا زیاتر لە 40 هەزار و 800 کەس لە غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ئافرەتان و منداڵانن.