ڕووسیا جارێکی دیکە داوای دەرچوونی هێزەکانی تورکیا و ئەمەریکا لە سووریا دەکات

kurdistan24.net

ڕووسیا پێداگرە لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی ئەسەدە بۆ هەر هەنگاوێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە، بەڵام تورکیا چاوی لەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەسەد پرسی ئاسایشی سنوورەکانی و چارەنووسی کانتۆنەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا یەکلایی بکاتەوە.

دانووستانەکانی تورکیا و سووریا بە نێوەندگیری ڕووسیا تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا لە سووریا دەکشێنەوە، بەڵام مەرجەکانی کشانەوەی تورکیا لە سووریا پەیوەستە بە دانووستان و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان، بەبڕوای بەشێک لە شارەزایان، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا دەبێتە هۆی ئاڵوزی زیاتر لە ناوچەکەدا.

پرۆفیسۆر حەسەن ئوکتایی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت:ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا جەختی کردەوە کە ئێمە هیچ تیرۆریستێکمان ناوێت، ئەم قسەیەش واتە یەکپارچەیی خاکی ناوچەکە و دەسەڵاتی زیاتری سووریا بە سەر هەموو خاکەکەیدا و ڕێگریی لە دروستبوونی ئەو پێکهاتەکانەی کە لە ژێر کۆنترۆلی سووریادا نەبێت. تورکیا ئەمەی دەوێت، بەڵام ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی تورکیا نییە، لە بەر ئەوەی لە ناوچەکەدا ناسەقامگیری هەیە کشانەوی هێزەکانی تورکیاش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

ڕووسیا، وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە سووریا، بە ڕوونی خوازیاری کشانەوەی هێزە بیانییەکانە لەو وڵاتە، سەردانی ئەم دواییەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ مۆسکۆ و بە پێچەوانەوە سەردانی داهاتووی لاڤرۆڤ بۆ تورکیا بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەشار ئەسەد. ڕووسیا چەندین جار داوای کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکانی لە سووریا کردوە بەتایبەتی هێزەکانی تورکیا و ئەمەریکا.

محەممەد قۆنوک چاودێری سیاسی دەڵێت: هیچ کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان سوپای تورکیا و سووریا نییە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لە بۆشایی سوپای سووریا لەو ناوچە دروست بوو، سوپای تورکیا چوو ئەو ئاڵۆزیانەی نەهێشت، ئێستاش تورکیا لە ئیدلیب ئیدارەیەکەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراندووە، بانک، قوتابخانە، نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاریی لەو شارە کردووە و قایمقامی بۆ شارەکەش داناوە و بە دراوی تورکی مامەڵە دەکەن. جگە لەمە سوپای تورکیا عەفرینی داگیرکرد نزیکەی 20 ملیۆن بنەداری زەیتوونی تاڵان کرد و هێنایەوە لە تورکیا فرۆشتنی.

ناکۆکییە قووڵ و درێژخایەنەکانی نێوان تورکیا و سووریا وایکردوە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات هێندە ئاسان نەبێت، بەڵام ئەوەی هەیە هەموو گرەوەکانی ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەگەر پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکرێتەوە، چارەنووسی ئیدارە سەربەخۆکان و هێزەکانی سووریای دیموکراتی چی بەسەر دێت.