بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا:  دانوستانەکان سەبارەت بە کەرتی غەززە ئاڵۆزن

کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت: دانوستانەکان سەبارەت بە کەرتی غەززە ئاڵۆزن و هیچ ڕێکەوتنێک بەبێ چارەی دۆخی زیندانییەکان نییە.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت بە مێدیاکانی گوتووە: دانوستانەکان ئاڵۆزن، لەسەر لایەنە مرۆییەکان و ئاگربەست لە غەززە وەستاوە. نزیکەی 90%ـی پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە پێشتر پەسەند کراوە.

گوتیشی: هیچ ڕێکەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە نابێت بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەسەر ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان و بارمتەکان.  جەختیشی لەوە کردەوە "قۆناغی یەکەمی ڕێکەوتنە پێشنیازکراوەکە مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە ناوچە قەرەباڵغەکان".

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە گوتیشی: قۆناغی یەکەمی پێشنیازی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دیاری ناکات. ناکۆکیی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر ڕێڕەوی فیلادلفیا و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لێی، لە قۆناغی یەکەمدا هەیە، هەروەها پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو شەش بارمتە بە کوژراوی دۆزراونەوە.